ئەمریکا کار بۆ بڕیارنامەیەکی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایش دژی ئێران دەکات

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، واشنتن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو کار دەکات بۆ دەرکردنی بڕیارنامەیەکی نوێ کە تێیدا داوا لە ئێران دەکرێت هێرشەکانی و چاندنی مین لە گەرووی هورمز رابگرێت.

دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، مایک واڵتز، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەبڕیارێکی نوێن بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز.

بڕیارنامە پێشنیازکراوەکە بە ڕوونی داوا لە ئێران دەکات سێ کردەوەی سەرەکی ڕابگرێت، ئەوانیش کۆتاییهێنان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ڕاگرتنی چاندنی مینە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز و وازهێنان لە هەوڵەکانی تاران بۆ وەرگرتنی "باج و سەرانە" لە کەشتییە تێپەڕبووەکان.

مایک واڵتز بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "پێمان وایە هاوپەیمانییەکی گەورەمان دەبێت کە هاوڕان لەسەر ئەوەی هیچ وڵاتێک بۆی نییە مین لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان دابنێت و ناتوانێت ئەو رێڕەوانە وەک سەرچاوەی داهات بەکاربهێنێت یان هەوڵی وەرگرتنی باج لە کەشتیگەلی نێودەوڵەتی بدات."

باڵیۆزی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە دانوستانەکان لەسەر پڕۆژەبڕیارێکی هاوبەشی ئەمریکی-بەحرەینی لەم هەفتەیەدا دەست پێدەکەن.

ئەم هەوڵە نوێیە دوای ئەوە دێت کە مانگی رابردوو هەریەک لە چین و رووسیا "ڤیتۆ"یان بەکارهێنا و رێگرییان لە بڕیارنامەیەکی پێشوو کرد کە تایبەت بوو بە هەمان پرس.