سێنتکۆم: هێزی ئاسمانی و دەریایی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان خرانە ئامادەباشییەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) نوێترین زانیاری لەسەر جووڵە سەربازییەکانی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بە ناوی "پڕۆژەی ئازادی" (Project Freedom) راگەیاند.
بەگوێرەی پەیامەکەی سێنتکۆم، کەشتیی هێرشبەری دەریا-وشکانی (USS Tripoli - LHA 7) لە ئاوەکانی دەریای عەرەب جێگیرکراوە. ئێستا ئەفسەرانی هێزی دەریایی لە رێگەی تاوەرەکانی کۆنترۆڵەوە سەرپەرشتییەکی وردی ئۆپەراسیۆنە فڕینەکان دەکەن و ئامادەکاری تەواو بۆ هەر ئەگەرێک کراوە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشدا، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە کە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمریکا تێیدا بەشدارن، ئامانجی سەرەکی بریتییە لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا. ئەم هەنگاوە لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاتوچۆی بازرگانیی نێودەوڵەتی و پاراستنی ئازادی گەشتیارییە لە گەرووی ستراتیژیی "هورمز" کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.
لە لایەکی دیکەوە، سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشدارن. فڕۆکەکان لە بنکە زەمینییەکانی ناوچەکە و سەر پشتی کەشتییە جەنگییەکانەوە دەفڕن، کە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 بەشێکی سەرەکین لەو هێزە ئاسمانییەی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە تەرخانکراوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە، ئەم جووڵانە لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنێکی بەرگریی" دان. ئامانج لێی تەنیا پاراستنی سەلامەتی هێزەکانی ئەمریکا و بەرگریکردنە لە کەشتییە بازرگانییەکان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕووی ئاسایشی دەریایی ناوچەکە ببێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان بەکاتی رۆژهەلاتی ناوەڕاست دەستیکردووە بە پشتگیریکردنی "پڕۆژەی ئازادی" ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئازادی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانە لە گەرووی هورمز. راشیگەیاندووە؛ ئەم ئەرکە پشتگیری ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکات کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئازاد لەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگە تێپەڕن.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: "پشتگیریکردنمان بۆ ئەم ئەرکە بەرگرییە بۆ ئاسایشی ناوچەیی و ئابووریی جیهانی پێویستە، لە هەمان کاتدا گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران دەپارێزین کە واشنتن چەند هەفتەیەکە سەپاندوویەتی."
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند؛ پڕۆسەکە رۆژی دووشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات و گوتی: "وڵاتانی بێلایەن داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردووە بۆ رزگارکردنی کەشتییە گیرخواردووەکانیان لە گەرووی هورمز." ترەمپ هۆشداریشی دایە ئێران لە رێگری کردن لەم پڕۆسەیە.