کەشتییەکی بازرگانی بە پارێزگاریی سوپای ئەمریکا گەرووی هورمزی تێپەڕاند
کۆمپانیای زەبەلاحی بواری گواستنەوەی دەریایی "مێرسک" رایگەیاند؛ کەشتیی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل "ئەلایانس فێرفاکس"، ئاڵای ئەمریکای لەسەرە، بە سەلامەتی گەرووی هورمزی بڕیوە و لە کەنداو چووەتە دەرەوە، ئەمەش بە یاوەری و پارێزگاری هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا.
کۆمپانیایی مێرسک راشیگەیاند؛ کەشتییەکە دوای سێ مانگ لە گیرخواردن گەروەکەی تێپەڕاند.
هەر ئەمڕۆ سوپای ئێران رایگەیاندبوو، رێگرییان لە چەند کەشتییەکی ئەمریکی کردووە لە تێپەڕین بەناو گەرووی هورمزدا. تاران پێشتر هۆشداریی دابوو رێگە بە هیچ کەشتییەک نادرێت بەبێ هەماهەنگی پێشوەختە لەو رێڕەوە ئاوییە تێپەڕێت.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەیانی رۆژی دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بە ناوی "پڕۆژەی ئازادی" لە گەرووی هورمز راگەیاند. بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم، زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی و 15 هەزار سەرباز لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشدارن.
رۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو؛ وڵاتەکەی دەست دەکات بە هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی ئەو کەشتیانەی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە، ئەمەش وەک "هەنگاوێکی مرۆیی" بۆ هاوکاریی وڵاتانی بێلایەن لەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکردووە.