نێچیرڤان بارزانی بۆ کوردستان24: عەلی زەیدی بەڵێنی چارەکردنی کێشەی مووچەی داوە
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، کۆبوونەوەکانی لە بەغدا ئەرێنی بوون و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەڵێنی داوە، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارە بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24؛ وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، پرسی مووچە و چەند پرسێکی دیکەی دایەوە.
لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، شایستە داراییەکان و بژێوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکانی بووە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و کۆبوونەوەکان بە گشتی، ئەرێنی و باش بوون.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە کۆبوونەوەکەشی کرد لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێدراوی عێراق و وەک خۆی گوتی، "زەیدی جەختی کردەوە، دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق، وەک مافێکی سەرەتایی خۆیان، لە کاتی دیاریکراودا مووچەکەیان وەربگرن".
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، سەرۆکوەزیرانی راسپێردارو، بەڵێنی داوە، سەبارەت بە پرسی مووچە، ئەوەی لە توانایدا بێت، بیکات و "بە دڵنیاییەوە دەیکات".
لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "هەردوولامان رێککەوتین، پەڕێکی نوێ بکەینەوە." ئاماژەی بەوەش دا، "بانگهێشتی حەلبووسیمان بۆ کوردستان کردووە و ئەو قسەنەی لەملاولاش دەکرێن هیچ بنەمایەکیان نییە و راست نییە".
رۆژی دووشەممە، 04ـی ئایاری 2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و تا ئێستا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە کۆبووەتەوە. چاوەڕێ دەکرێت، ئەمڕۆ کۆتایی بە سەردانە فەرمییەکەی بهێنێت و بگەڕێتەوە هەولێر.