ئەکسیۆس: ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ئازادی پەیامی بۆ ئێران ناردبوو

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، ئیدارەی ترەمپ پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی گەرووی هورمز، پەیامێکی نهێنیی ئاراستەی تاران کردووە بۆ دوورکەوتنەوە لە گرژی، بەڵام ئێران پەیامەکەی پشتگوێ خستووە. هاوکات پێنتاگۆن هەوڵ دەدات ئاستی هێرشەکان بە "بچووک" نیشان بدات بۆ پاراستنی ئاگربەست.

سێشەممە 5ی ئایاری 2026، بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" کە پشتی بە سەرچاوە ئاگادارەکان بەستووە، رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ بە شێوەیەکی نهێنی ئێرانی لە دەستپێکردنی پڕۆژەی ئازادی بۆ پاراستنی کەشتییەکان ئاگادار کردووەتەوە و هۆشداریی داوەتە تاران کە دەستوەردان نەکات.

ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، کۆشکی سپی ویستوویەتی لە ڕێگەی ئەم پەیامە نهێنییەوە مەترسیی هەڵگیرسانەوەی جەنگ کەم بکاتەوە، بەڵام تاران هۆشدارییەکەی پشتگوێ خست و لە رۆژی دووشەممەوە زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کردە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، کەشتییە بازرگانییەکان و ئیمارات.

بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر بنبەستی دیپلۆماسی و هێرشەکانی ئێران بەردەوام بن، ئەگەری زۆرە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ترەمپ فەرمانی فەرمیی دەستپێکردنەوەی شەڕی سەرتاسەری دژی ئێران دەربکات.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ و دان کەین، سوپاسالاری، هەوڵیان دا ئاستی هێرشەکانی ئێران بە کەم نیشان بدەن. کەین رایگەیاند هێرشەکان "لە خوار ئاستی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی گەورەن" و هێگسێتیش گوتی: "ئێستا ئاگربەستەکە بەردەوامە."

هێگسێت ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێک لە کردەوەکانی سوپای پاسداران (IRGC) لە دەرەوەی ئیرادەی دانوستانکارانی ئێرانییە و گوتی: "ئەرکی تارانە کە ئەوان کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی رێگەی ڕێککەوتن بکرێتەوە." بەڵام هۆشدارییان دا کە ئەگەر ترەمپ فەرمان بدات، سوپا ئامادەیە دەستبەجێ دەست بە شەڕ بکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، لە 24 کاتژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا تەنیا دوو کەشتیی ئەمریکی لە گەرووەکە تێپەڕیون و لە رۆژی سێشەممەدا هیچ جووڵەیەک نەبووە. سەرەڕای لێدوانەکانی هێگسێت کە دەڵێت "سەدان کەشتی تر چاوەڕێن"، بەڵام وا دیارە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی متمانەیان بەو "رێڕەوە ئارامە" نییە کە ئەمریکا باسی دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند وڵاتەکەی توانیویەتی "هاوکێشەیەکی نوێ" دروست بکات. هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی دانوستانەکان بە ناوبژیوانی پاکستان "بەرەوپێش دەچن" و داوای لە ترەمپ کرد نەکەوێتە نێو "داوی خراپەکاران".

هەروەها ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، رۆژی سێشەممە ئێران جارێکی دیکە بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەیان و بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بەرپەرچیان داوەتەوە.