قەتەر باجی هەمیشەیی سەر تێپەڕین بە گەرووی هورمز رەت دەکاتەوە

سەرۆکوەزیران و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەرگری قەتەر رایگەیاند، وڵاتەکەی دژی سەپاندنی هەر باجێکی هەمیشەیی تێپەڕبوونە لە گەرووی هورمز، چونکە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بەکاربەران دەبێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، دەکرێت باجی کاتی بۆ مەبەستی ئەمنی یان تەکنیکی وەک پاککردنەوەی مین و دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی بسەپێنرێت.

شەممە 30ـی ئایاری 2026، شێخ سعوود بن عەبدولرەحمان ئال سانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەرگری قەتەر، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئەمنیی "شانگری-لا" لە سەنگافورە رایگەیاند، قەتەر و وڵاتانی هاوبەشی کەنداو پێیان وایە هەر باجێکی هەمیشەیی لەسەر تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز دەبێتە هۆی زیادبوونی بارگرانی دارایی لەسەر بەکاربەر، بۆیە دژی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەن بە شێوەیەکی بەردەوام.

ئەو بەرپرسە قەتەرییە راشیگەیاند، دەکرێت تێگەیشتن هەبێت بۆ وەرگرتنی باجی کاتی کە پەیوەست بێت بە بارودۆخی نائاسایی یان ئەرکی تەکنیکی و ئەمنی دیاریکراو، چونکە رەنگە ئەمە یارمەتیدەر بێت بۆ گەڕانەوەی ئاسایی هاتووچۆی کەشتیوانی و دابینکردنی ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکە.

ئەم لێدوانانەی شێخ سعوود بن عەبدولرەحمان ئال سانی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری بەرگری قەتەر وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو راپۆرتانەی باس لە گفتوگۆی نێوان ئێران و شانیشینی عومان دەکەن سەبارەت بە دامەزراندنی سیستمێکی هەمیشەیی بۆ وەرگرتنی باج بە مەبەستی رێکخستنی فەرمی هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، کە بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە بازرگانییە دەریاییەکانی جیهان دادەنرێت.

پێشتر ئاڵۆزییەکان دژی ئێران ببوونە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە رێڕەوی سەرەکییە بۆ دابینکردنی نەوت و غازی سروشتی بۆ بازاڕەکانی جیهان لە وڵاتانی کەنداوەوە، ئەم دۆخە کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵا پیشەسازییەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا.