کشانەوەی هونەرمەندان لە ئاهەنگەکانی سەربەخۆیی ئەمریکا  ترەمپی توڕە کردووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بیری لەوە کردووەتەوە گردبوونەوەیەکی جەماوەری گەورە لە واشنتن ساز بکات، ئەمەش دوای ئەوەی چەندین هونەرمەند بڕیاریان دا بکشێنەوە لەو ئاهەنگانەی کە بە بۆنەی یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمریکا رێکخرابوون.

شەممە 30ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" گاڵتەی بەو هونەرمەندانە کرد کە ئاهەنگەکانیان جێهێشتووە و گوتی، "هەست بە ترس دەکەن"، ئاماژەی بەوە شکردووە، ئەو خەڵکێکی زۆر زیاتر لە "ئێڵڤیس پرێسلی" کۆدەکاتەوە و خۆی وەک "مەزنترین سەرۆک لە مێژوودا" دەناسێنێت.

سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "خەریکی تاوتوێی ئەوەم کە خۆم جێگەی ئەم هونەرمەندە پلە سێیانە بگرمەوە و گردبوونەوەیەکی گەورە لەژێر ناوی 'ئەمریکا گەڕایەوە' رێکبخەم." هەروەها گوتی، فەرمانی بە یاریدەدەرەکانی کردووە ئامادەکارییەکانی ئەم گردبوونەوەیە بۆ رۆژی چوارشەممە ئەنجام بدەن.

ئەم هەڵوێستەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، چەندین ئەستێرەی ناسراوی وەک مارتینا مکبراید و برێت مایکلز کشانەوەی خۆیان لە ئاهەنگەکانی 4ـی تەمموز راگەیاند، برێت مایکلز لە فەیسبووک نووسیویەتی: "بە داوی داخەوە، ئەو چالاکییەی وەک ئاهەنگێکی نیشتمانی بۆ وڵاتەکەمان پێشان درابوو، گۆڕا بۆ شتێکی سیاسی کە دووبەرەکی لێ دەکەوێتەوە."

ئاهەنگەکانی "فریدۆم 250" کە لەلایەن دامەزراوەیەکی نزیک لە ترەمپەوە رێکخراوە، بڕیارە لە 25ـی حوزەیران لە واشنتن دەست پێ بکات، ترەمپ پێشتریش هەوڵی داوە مۆرکی خۆی لەم یادانە بدات، وەک رێکخستنی یارییەکی توندی MMA لە حەوشەی کۆشکی سپی لە یادی 80 ساڵەی تەمەنیدا، لە ئێستادا تەنها چەند هونەرمەندێکی وەک "ڤانیلا ئایس" لە لیستی ئاهەنگەکاندا ماونەتەوە، کە ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە جێی تانە و تەشەر.