ترەمپ: ئێران دەزانێت چۆن ئاگربەست نەشکێنێت

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند, ئێران ئارەزووی گەیشتن بە رێککەوتن دەکات، بەڵام تاران بە ئەنجامدانی "یارییە میدیاییەکان" تۆمەتبار دەکات.

سێشەممە 5ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نێو نووسینگەی (Oval Office)دا وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە بارودۆخی گرژییەکانی لەگەڵ ئێران و پرسی ئاگربەست.

کاتێک پرسیاری لەبارەی ئەوەی لێکرا کە ئێران پێویستە چی بکات تاوەکو ئاگربەستەکە بشکێندرێت، ترەمپ گوتی: "باشە، خۆتان دەبینن، چونکە من خۆم ئاگادارتان دەکەمەوە و ئێرانییەکانیش باش دەزانن دەبێت چی نەکەن." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە واشنتن هێڵی سووری بۆ تاران دیاری کردووە.

ترەمپ جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە کە تاران لە ژێرەوە خواستی رێککەوتنی هەیە و گوتی: "دەتوانم ئەمە بڵێم: ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات. ئەوەی من لەبارەی ئێرانەوە بە دڵم نییە ئەوەیە کە بە رێزێکی زۆرەوە قسەم لەگەڵ دەکەن، بەڵام دواتر دەچنە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان و دەڵێن 'ئێمە قسەمان لەگەڵ ترەمپ نەکردووە'."

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، "ئەوان یاری دەکەن، بەڵام با پێتان بڵێم کە لە راستیدا دەیانەوێت بگەینە رێککەوتن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە داڕمانی ئابووری ئێران و هەڵاوسانی 50% کرد و گوتی کە سیستەمی دارایی ئەو وڵاتە لە لێواری هەرەسدایە. هەروەها ئاماژەی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کرد ئاماژەی دا، لە مانگی رابردوودا 42 هەزار کەس لە ئێران کوژراون.