ئێران رێڕەوی هاتوچۆی لە گەرووی هورمز دیاری کرد و هەڕەشەی وەڵامی یەکلاکەرەوە دەکات
هێزی دەریایی ئێران فەرمانی بە هەموو کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان کردووە کە تەنیا ئەو رێڕەوانە بەکاربهێنن کە تاران بۆ گەرووی هورمزی دیاری کردوون، و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات لە ئەگەری هەر لادانێک لەو رێڕەوانە.
سێشەممە 5ی ئایاری 2026، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "فارس"، هێزی دەریایی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت هەموو کەشتییە تێپەڕبووەکان لە گەرووی هورمز، پابەندی ئەو رێڕەوانە بن کە لەلایەن تارانەوە دەستنیشان کراون.
هێزی دەریایی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کەشتیگەلی نێودەوڵەتی کردووە و ڕایگەیاندووە: "ئەو کەشتیانەی کە لە ڕێڕەوە دیاریکراوەکانی ئێران لادەدەن، رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەبنەوە."
هەر ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێران نەخشەیەکی نوێیان بڵاو کردەوە کە تێیدا ناوچە دەریاییەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان فراوانتر کردووە. بەپێی نەخشەکە، سنووری هەژموونی ئێران لە گەرووی هورمز تێپەڕی کردووە و ئێستا بەشێکی درێژ لە کەناراوەکانی دەوڵەتی ئیمارات دەگرێتەوە.
ئەم ناوچە نوێیەی کە ئێران بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنی دەکات، هەردوو بەندەری گرنگی"فۆجەیرە"و"خورفەکان"دەگرێتەوە. ئەم دوو بەندەرە دەکەونە سەر کەنداوی عومان و لە سەرەتای ململانێکانەوە، ئیمارات وەک رێگەیەکی جێگرەوە پشتی پێ بەستوون بۆ هەناردەکردنی نەوت و کاڵاکانی تاوەکو لە گەرووی هورمزی داخراو بەدوور بێت.
بەندەری فۆجەیرە بایەخێکی گرنگی بۆ ئیمارات هەیە، چونکە وێستگەی کۆتایی هێڵی بۆری نەوتی خاوی ئەبوزەبییە. ئەم هێڵە نەوتی خاو لە کێڵگە ناوخۆییەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ بەندەرەکە و رێگەی بە ئیمارات داوە لە کاتی جەنگدا بەردەوام بێت لە ناردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان بەبێ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز.
ئەم بڕیارە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی دیاریکردنی ئەم "کۆریدۆرانە"وە، هەژموونی تەواوەتی خۆی بەسەر هاتوچۆی دەریایی لەم رێڕەوە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەدا بسەپێنێت.