لاڤرۆڤ و روبیۆ دۆخی جیهان و پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و واشنتنیان تاوتوێ کرد
وەزیری دەرەوەی رووسیا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییاندا دواین پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان و ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان هەڵسەنگاند.
سێشەممە 5ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە. لە گفتوگۆکەدا هەردوو لایەن باسیان لە بارودۆخی ئێستای کاروباری نێودەوڵەتی و ئاڵۆزییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیرانی دەرەوەی، جیا لە تاوتوێکردنی دۆخی جیهانی، باسیان لە خشتەی پەیوەندی و دیدارە دووقۆڵییەکانی نێوانیان لە ئاییندەدا کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان لاڤرۆڤ و روبیۆ "بنیاتنەر و کارانە" بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵی هەردوولا بۆ پاراستنی هێڵەکانی پەیوەندی لەم قۆناغە هەستیارەی جیهاندا.
چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا، ئاماژەی دابوو، سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "دۆستانە و زۆر راشکاودا" کە زیاتر لە 90 خولەک، نەخشەی داهاتووی جەنگەکانی ئێران و ئۆکرانیایان تاوتوێ کردووە. پوتن هۆشداریی داوە کە هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ناو خاکی ئێراندا "نائەقڵانی و مەترسیدارە"، هاوکات ترەمپ ئومێدی خۆی نیشانداوە کە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جەنگی ئۆکرانیا "زۆر نزیک بێت".