روبیۆ: ئێمە لە گەرووی هورمز لە دۆخی بەرگریی داین
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند کە ئابووریی ئێران لە لێواری هەرەسهێنانی تەواوەتیدایە و هەڵاوسان گەیشتووەتە 70%. جەختیشی کردەوە کە واشنتن بێ دوودڵی هێزی سەربازی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەکاردەهێنێت و هۆشداری دا کە هەر بانک و دامەزراوەیەک یارمەتی تاران بدات، لە سیستەمی دارایی ئەمریکا دەبڕدرێت؛ گوتیشی: ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا کۆتایی هاتووە
سێشەممە 5ـی ئایاری 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لە کۆشکی سپیدا، جەختی کردەوە فشارەکان تا ئاستی بۆ هەرەسهێنانی ئابووری تەواوەتیی تاران بەردەوام دەبن.
روبیۆ ئاماژەی بەوە دا، ئابووریی ئێران زۆر لاواز بووە، "ئەمڕۆ هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووەتە 70% و دراوەکەیان لە ناو پڕۆسەی هەرەسهێنانی تەواوەتیدایە." رایگەیاند کە ئەمریکا سزاکانی توندتر کردووە و لەگەڵ گەمارۆ دەریاییەکان لە بڕینی هەموو داهاتەکانی ئێران کاریگەری زیاتر دەبێت.
گوتیشی: "تەنیا گەمارۆ دەریاییەکە رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زیان لە داهاتی ئێران دەدات و 90%ی بازرگانیی ئەو وڵاتە وەستاوە، ئەمەش زیانی هەمیشەیی بە ژێرخانی نەوتییان گەیاندووە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند: "ئەوان دەڵێن چەکی ئەتۆمیشمان ناوێت، بەڵام راست ناکەن، ئەوان لە نێو چیا و ئەشکەوتەکاندا سەنتەرفیوجی گەورەیان دروست کردووە و یۆرانیۆمیان بە رێژەی 60% پیتاندووە کە هیچ سوودێکی مەدەنی نییە."
روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئێران دەیەوێت بەرنامەیەکی ئەتۆمیی سەربازیی هەبێت و گوتی: "ئەوان دەرفەتێکیان لەبەردەمە بۆ ئەوەی رازی بن بە شتێک کە بیسەلمێنێت بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نین، چونکە وڵاتانی تر یۆرانیۆم هاوردە دەکەن نەک خۆیان بیپیتێنن."
سەبارەت بە داخستنی رێڕەوە ئاوییەکان، روبیۆ گوتی: "ئێمە بۆیە گەمارۆمان خستووەتە سەر، چونکە ئەوان یەکەمجار گەرووەکانیان داخست. هیچ وڵاتێک بۆی نییە رێڕەوی نێودەوڵەتی کۆنتڕۆڵ بکات. چاندنی مین لە ئاودا کارێکی نایاسایی و تاوانکارییە." رایگەیاند سوپای ئەمریکا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئازادیدا خەریکی رزگارکردنی 23 هەزار مەدەنییە لە 87 وڵاتی جیاواز کە لە نێو کەنداودا گیریان خواردووە و گوتی: "بەهۆی ئەم کردەوانەی ئێرانەوە، تا ئێستا 10 دەریاوانی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە."
جەختیشی لەوە کردەوە کە جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا "بەرگریین" و گوتی: "ئێمە یەکەمجار تەقە ناکەین، بەڵام ئەگەر تەقەمان لێ بکرێت یان هێرش بکرێتە سەر کەشتییەکان، بە وردییەکی کوشندە وەڵام دەدەینەوە، تا ئێستا چەندین بەلەمی خێرا، درۆن و مووشەکی ئێرانیمان تێکشکاندووە کە مەترسی بوون بۆ سەر هێزەکانمان."
روبیۆ پەیامێکی توندی ئاراستەی سەرکردایەتی ئێران کرد و گوتی: "نابێت ئیرادەی ئەمریکا تاقی بکەنەوە، ئەگەر تاقیمان بکەنەوە، بە دڵنیاییەوە دەدۆڕێن، جا بە رێگەی قورس بێت یان ئاسان." جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا بێ دوودڵی هێزی سەربازیی خۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بەکاردەهێنێت.
باسی لەوەش کرد، هیچ وڵاتێک نییە لە جیهاندا هێندەی ئێران جیاوازی لە نێوان گەل و دەسەڵاتدارەکانیدا هەبێت. گوتی: "ئەم وڵاتە لەلایەن کۆمەڵێک مەلا بەڕێوە دەبرێت، لە کاتێکدا گەلی ئێران تەنیا ژیانێکی ئاساییان دەوێت. ئەوان قوربانیی دەستی دەسەڵاتێکن کە وڵاتەکەیانی وێران کردووە و لە جیهانی دابڕیوە."
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، روبیۆ جەختی کردەوە، ئیسرائیل هیچ کێشەیەکی لەگەڵ حکوومەتی لوبنان نییە و چاوی لە خاکی ئەو وڵاتە نییە. گوتی: "کێشەی سەرەکی حزبوڵڵایە کە لە نێو خاکی لوبنانەوە کار دەکات و خەڵکی مەدەنیی ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە. حزبوڵڵا تەنیا باڵێک و درێژکراوەیەکی ویستی ئێرانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە." ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانجی ئەمریکا بەهێزکردنی سوپای لوبنانە بۆ ئەوەی بتوانێت حزبوڵڵا چەک بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" (Epic Fury) کۆتایی هاتووە و ئێستا سەرنج لەسەر "پڕۆژەی ئازادی"یە.
روبیۆ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی هەموو دامەزراوە دارایی و بازرگانییەکانی جیهان کرد و گوتی: "هەر بانک یان لایەنێکی بازرگانی یارمەتی ئێران بدات بۆ تێپەڕاندنی سزاکان، رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە و دەستی لە سیستەمی دارایی ئەمریکا دەبڕدرێت." جەختیشی کردەوە کە واشنتن هەموو کارتە بەهێزەکانی لەدەستە و فشارەکان تا ئاستی بڕینی دواین دۆلاری داهاتی ئێران بەردەوام دەبن.