سوپای ئیسرائیل جارێکی دیکە خاکی سووریای بەزاند

ئەرشیف، دەبابەکانی سوپای ئیسرائیل لە قونەیتەرە
ئەرشیف، دەبابەکانی سوپای ئیسرائیل لە قونەیتەرە

سوپای ئیسرائیل دوو ئۆپەراسیۆنی چوونە ناوەوەی 'توغل' بۆ ناو خاکی سووریا لە سنووری پارێزگای قونەیتەرە لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە ئەنجامدا.

ئاژانسی هەواڵی سووریا "سانا" بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل چوونەتە ناو دەوروبەری گوندی "سەیدا حانوت" لە گوندەکانی باشووری قونەیترە. بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزێکی ئیسرائیلی کە لە 3 ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتبوون، لە ناوچەی "تەل ئەبو غەیسار"ەوە بەرەو گوندەکە جوڵاون و لە ناوچەی "مەعکەر" جێگیر بوون، دواتر پاشەکشەیان کردووە.

هەر لە هەمان رۆژدا، هێزێکی دیکەی ئیسرائیل لە 4 ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتبوون، لە رێگەی دەروازەی "تەل جەلع"ەوە چوونەتە ناو دەوروبەری شارۆچکەی "رەفید" لە هەمان پارێزگا.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، بەزاندنی سنوورەکانی سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە. ئەم ئۆپەراسیۆنانە تەنیا جوڵەی سەربازی نین، بەڵکو هەڵمەتی پشکنینی ماڵان، دانانی بازگە و دەستگیرکردنی هاووڵاتیانیشی لەگەڵدایە.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، رایگەیاندووە؛ دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل بە بنبەست نەگەیشتوون، بەڵام بەهۆی پێداگری ئیسرائیل لەسەر مانەوە لە ناو خاکی سووریا، پرۆسەکە بە زەحمەتییەکی زۆردا تێدەپەڕێت.

دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیسرائیل کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ساڵی 1974 "جیاکردنەوەی هێزەکان"ی راگەیاند و ناوچە دابڕێنراوەکانی (ناوچەی عازلە)ی ناو سووریای کۆنترۆڵکرد. سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی نوێی سووریا هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر ئیسرائیل دروست نەکردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی، کە تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی چەندین کەس و وێرانکردنی بنکە سەربازی و جبەخانەکانی سووریا.