سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەدان چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی راگەیاند
سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە باشووری لوبنان زیاتر لە 250 چەکداری حزبوڵایان کوشتووە و پێنج تونێل و هەزاران پێگەی سەربازیی ئەو حیزبەیان خاپوور کردووە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، هێزەکانی فیرقەی 146 لە باشووری هێڵی بەرگریی پێشەوە لە پێشڕەویدان و توانیویانە گورزێکی توند لە حزبوڵڵای لوبنان بوەشێنن. روونیشی کردەوە، ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنانە دوورخستنەوەی هەڕەشەکانە لەسەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ، شەڕی دەستەویەخە و هێرشی ئاسمانییەوە؛ 250 چەکداری حزبوڵڵا کوژراون. ئەوەشی خستە روو، هێزەکانیان توانیویانە پێنج رێڕەوی ژێر زەوی و هەزاران ژێرخانی سەربازی لە ناوچەکەدا تێکبشکێنن.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، لە میانی کێوماڵکردنی ناوچەکاندا دەستیان بەسەر سەدان جۆر پارچە چەک و تەقەمەنیی حزبوڵڵادا گرتووە. چەکەکانیش پێکهاتوون لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆمبی چێندراو، مووشەکی دژە زرێپۆش و قازیفەی ئارپیجی لە پاڵ چەندین کەرەستەی سەربازیی دیکە.
سوپاکە لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا ئەوەی خستووەتە روو، حزبوڵڵا چەندین مووشەک و درۆنی ئاراستەی هێزەکانیان لە باشووری لوبنان کردووە، بەڵام هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.