دادگای نەینەوا ناسنامەی 52 روفاتی قوربانیانی دەستی داعشی ئاشکرا کرد
سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا، ناسنامەی 52 روفاتی راگەیاند کە لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی پارێزگای نەینەوا لە ساڵی 2014دا بە دەستی چەکدارانی رێکخراوی داعش کوژراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، محەمەد سەلاحەدین، داواکاری گشتی و سەرۆکی لیژنەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "زیاتر لە چوار ساڵە تیمەکانی پزیشکی دادوەری و فەرمانگەی کاروباری پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان کار لەسەر ئاشکراکردنی ئەم ناسنامانە دەکەن."
ئاماژەی بەوەش کرد، روفاتەکان لە ساڵی 2022 لە گۆڕستانی (بادوش) دەرهێنراون و دواتر پشکنینی وردی (DNA)یان بۆ کراوە و لەگەڵ نموونەی ئەو کەسانەدا بەراورد کراون کە وەک کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان تۆمار کراون.
محەمەد سەلاحەدین ئەوەشی خستەڕوو، "رادەستکردنی ئەم بەڵگەنامانە بە خێزانی قوربانییەکان بە واتای گەڕاندنەوەی مافە یاسایی و مرۆییەکانیان دێت، چونکە لەمەودوا دەتوانن بڕوانامەی مردن دەربهێنن و مامەڵەکانیان بۆ وەرگرتنی مافی خانەنشینی و قەرەبووکردنەوە جێبەجێ بکەن، هاوکات کارەکانیش بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکانی دیکە بەردەوامە".
ئەم کۆمەڵکوژییە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 روویدا، کاتێک رێکخراوی داعش شاری مووسڵ و زیندانی بادوشی لە شارەدێی بادوش لە باکووری شارەکە کۆنتڕۆڵ کرد، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 670 کەس لەسەر بنەمای مەزهەبی کوژران.