ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکە لە گەیشتن بە لێکگەیشتن لەگەڵ ئێران. بەگوێرەی زانیارییەکان، "یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتنی یەک لاپەڕەیی" ئامادە کراوە، وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی دیپلۆماسی دادەنرێت.
ئەم لێکگەیشتنە لە 14 خاڵی سەرەکی و ستراتیژی پێکهاتووە، کە دیارترینیان بریتین لە هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئازادکردنی دارایی و سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە، هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران لە ماوەی تەنیا 30 رۆژدا، رێککەوتن لەسەر پرسی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەدا، واشنتن جەخت لەسەر مەرجی سەرەکی خۆی دەکاتەوە کە نابێت ئێران بە هیچ شێوەیەک ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە بەرامبەریشدا تاران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بۆ دەرەوەی وڵات.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم نزیکبوونەوەیە، بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بە رێژەی سەدا7 لە بازاڕە جیهانییەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا هۆشداری داوە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەست پێدەکەنەوە.
واشنتن چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی تاران دەکات لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا. چاوەڕوان دەکرێت خولی داهاتووی دانوستانەکان (بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ) لە شاری "ئیسلامئاباد"ی پایتەختی پاکستان، یان شاری "جنێف" لە سویسرا بەڕێوەبچێت.
هەرچەندە تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی واژۆ نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هەردوولا لە گەیشتن بە کۆدەنگیی کۆتایی زۆر نزیکن.