سەفەری حەجی پەرلەمانتاران حکوومەتی نوێی عێراق دەخاتە بەردەم مەترسیی یاسایی

بەهۆی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانەوە، عەلی زەیدی تەنیا تاوەکو سێشەممەی داهاتوو دەرفەتی هەیە متمانە بۆ کابینەکەی وەربگرێت، ئەگەرنا عێراق دەکەوێتە ناو بۆشاییەکی دەستووریی مەترسیدار.

دەبێت تاوەکو سێشەممەی هەفتەی داهاتوو، کابینەی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لە پەرلەمان متمانەی پێبدرێت، ئەگەرنا بەهۆی وەرزی حەجەوە عێراق دەکەوێتە بەردەم بۆشاییەکی دەستووری.

عەبدولموحسین مووسەوی، سەرۆکی نەهجی وەتەنی بە کوردستان 24ی راگەیاند، دەبێت لە نێوان یەکشەممە تاوەکو سێشەممەی هەفتەی داهاتوو، عەلی زەیدی لیستی ناوی وەزیران و پێکهاتە وەزارییەکەی بباتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، چونکە ئەگەر زیاتر دوا بکەوێت، رووبەڕووی سزای ماوە یاساییەکان دەبێتەوە.

بە گوتەی مووسەوی، ئەگەر لەم چەند رۆژەدا کابینە وەزارییەکەی زەیدی پەسەند نەکرێت، نزیکەی 100 بۆ 150 پەرلەمانتار بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گەشتی سعوودیە دەکەن، بەمەش کاتی یاسایی لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو نامێنێت و پەرلەمان پەکدەكەوێت. ئەو سەرکردەیەی شیعە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەسەر تەواوی وەزارەتەکان نەکراوە، بۆیە پێشنیار دەکرێت ئەو وەزارەتانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە ببرێنە پەرلەمان و ئەوانی دیکە بۆ دوای وەرزی حەج جێبهێڵدرێن.

هەروەها دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان 24 لە بەغدا رایگەیاند، لایەنە شیعەکان تاوەکو ئێستا لەسەر وەزارەتەکانی نەوت و ناوخۆ رێکنەکەوتوون؛ مالیکی، سوودانی و عەممار حەکیم ململانێ لەسەر وەزارەتی نەوت دەکەن. هەروەها بۆ وەزارەتی ناوخۆ، زاواکەی مالیکی و هادی عامری کاندیدیان هەیە و کێشەیان لەسەرە. بڕیاریشە سەرۆکوەزیرانی نوێ چوار جێگری هەبێت، کە دووانیان شیعە دەبن و تەنیا یەکێکیان بۆ موحسین مەندەلاوی یەکلاکراوەتەوە.

پەیامنێری کوردستان 24 گوتیشی: پێکهاتەی سوننەش گرفتی ناوخۆییان هەیە و تاوەکو ئێستا لەسەر وەزارەتی بەرگری، جێگری سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، هەریەکە لە هاوپەیمانیی عەزم، تەقەدووم و حەسم داوای ئەو پۆستانە دەکەن.

پرۆسەی راسپاردنی عەلی زەیدی دوای ئەوە هات کە لە ئێوارەی دووشەممە، 27ی نیسانی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی بە رەزامەندی نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی، زەیدییان وەک کاندیدی سەرۆکایەتی حکوومەت دیاری کرد و دواتر لەلایەن سەرۆککۆمارەوە راسپێردرا.