سوپای پاسداران: ئاسایشی گەرووی هورمز بەستراوەتەوە بە نەمانی هەڕەشەکانی ئەمریکا

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، تێپەڕبوونی سەلامەت بە نێو گەرووی هورمزدا کاتێک دەست پێ دەکاتەوە کە هەڕەشەکانی ئەمریکا کۆتاییان بێت و رێوشوێنی نوێ جێبەجێ بکرێت.

چوارشەممە 6ی ئایاری 2026، میدیا فەرمییەکانی ئێران، لە زاری هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە بڵاوییان کردەوە، دابینکردنی ئاسایش بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز پەیوەستە بە نەمانی هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ئاماژە بەوەش دا رێوشوێنی نوێ بۆ هاتوچۆی دەریایی جێبەجێ دەکرێن، بەڵام هیچ وردەکارییەک لەسەر جۆر و سروشتی ئەو رێوشوێنانە نەخراوەتەروو. تاران جەخت دەکاتەوە کە ئاسایشی رێڕەوەکە تەنیا لە رێگەی پابەندبوون بە یاسا و رێساکانی ئێرانەوە مسۆگەر دەبێت.

سوپای پاسداران سوپاسی خاوەن کەشتییەکان و ستافەکانیانی کرد کە لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز پابەندی ئەو رێسا و ڕێنماییانە بوون کە لەلایەن ئێرانەوە دیاریکراون.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر گرژییەکی تونددایە و گەرووی هورمز وەک ناوەندی ململانێی نێوان تاران و واشنتن ماوەتەوە، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی دروست کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کردووە کە کۆشکی سپی و تاران لە لێواری گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی مێژووییدان و یاداشتنامەیەکی 14 خاڵی وەک نەخشەڕێگەی نوێی دیپلۆماسی ئامادە کراوە.

بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە، ئەمریکا پابەند دەبێت بە ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان لە ماوەی مانگێکدا، لە بەرامبەردا تاران رەزامەندی داوە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رەوانەی دەرەوە بکات و گەرەنتی نەگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بدات.

ئاژانسی هەواڵی ئیسناش لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردەوە، تاران بە فەرمی پێشنیازێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای پێگەیشتووە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو ململانێ سەربازییەی کە ماوەی دوو مانگ زیاترە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت.