ئیسرائیل لە 24 کاتژمێری رابردوودا 25 پێگەی حزبوڵڵای بۆردوومان کردووە
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕیان کردووەتە سەر مۆڵگەکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، کە بووەتە هۆی لەناوچوونی کۆگاکانی چەک و کوژرانی چەندین چەکدار.
چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، هێزە ئاسمانییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیوای 226، لە 24 کاتژمێری رابردوودا نزیکەی 25 ئامانجی جیاوازی سەر بە رێکخراوی حزبوڵڵایان لە ناو خاکی لوبنان پێکاوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هێرشەکان چەند باڵەخانەیەکی سەربازییان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن حزبوڵڵاوە بۆ مەبەستی شەڕ بەکاردەهێنران. سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە "ئەم شوێنانە لە کاتێکدا بۆردوومان کراون کە چەکدارانی حزبوڵڵا لە ناویدا ئامادە بوون و سەرقاڵی پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرش بوون"، ئەمەش بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لەو چەکدارانە. هەروەها چەندین کۆگای چەک و ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە وێران کراون.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە، لە شەودا سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان رووبەڕووی ئامانجێکی ئاسمانیی گوماناوی بووەتەوە و تێکیشکاندووە. هەروەها مووشەکێکی بەرپەرچدراوەتەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە حزبوڵڵا لە چەند کاتژمێری رابردوودا بە چەندین مووشەک، درۆنی بۆمبڕێژکراو و گوللە هاوەن هێرشی کردووەتە سەر شوێنی سەربازانی ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل دڵنیایی دا کە ئەو هێرشانە هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانیاندا دروست نەکردووە.