بڕیارێکی ترەمپ ئەوروپا رووبەڕووی بۆشایی ئەمنی دەکاتەوە

رۆژنامەی فایننشال تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە بڕیارە نوێیەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ راگرتنی جێگیرکردنی مووشەکەکانی تۆماهۆک و دارک ئیگڵ لە خاکی ئەڵمانیا، خاڵێکی لاوازی لە سیستەمی بەرگریی ئەوروپادا دروست کردووە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە رووسیا بەردەوامە لە زیادکردنی جبەخانە مووشەکییە دوورهاوێژەکانی.

بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی دەربڕی و ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی ترەمپ (هەرچەندە هێشتا کۆتایی نییە) کارەساتبار و زیانبەخش دەبێت. گوتیشی: "ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی فراوانبوونی زیاتری بۆشایی لە تواناکانی بەرگریی ئەوروپادا."

پسپۆڕانی سەربازی جەخت دەکەنەوە کە هەبوونی توانای "هێرشی وردی قووڵ" (مەودای 2000 بۆ 3000 کیلۆمەتر) بۆ سێ مەبەستە، ئەوانیش، هەڕەشەکردن لە ژێرخانی ستراتیژیی دوژمن بۆ رێگری لە هێرش، وەڵامدانەوەی دوژمنکارییەکان بەبێ پەنابردن بۆ جەنگی ئەتۆمی یان جەنگی گشتگیر و پێکان و وێرانکردنی بنکە ئاسمانی و مووشەکییەکان لە قوڵایی خاکی دوژمن.

لە کاتێکدا رووسیا خاوەنی مووشەکی وەک "کینژاڵ" و "9M729"ە کە دەتوانن لە ناوچەی کالینینگرادەوە شارەکانی لەندەن، پاریس و رۆما بپێکن، ئەوروپا لە دۆخێکی بێهێزیدایە.

ئەڵمانیا و ئیسپانیا تەنیا مووشەکی "تۆروس"یان هەیە کە مەوداکەی 500 کیلۆمەترە. فەرەنسا و بەریتانیاش مووشەکی "ستۆرم شادۆ"یان هەیە بە هەمان مەودا. هەرچەندە بەریتانیا مووشەکی تۆماهۆکی ژێردەریایی هەیە، بەڵام هیچ وڵاتێکی ئەوروپی جۆرە وشکانییەکەی ئەو مووشەکانەیان نییە کە جێگەی مووشەکە ئەمریکییەکان بگرێتەوە.

بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، هەریەک لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا، پۆڵەندا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و سوید بەرنامەیەکی هاوبەشیان بە ناوی "ئیڵسا" (ELSA) دەستپێکردووە بۆ پەرەپێدانی مووشەکی ناوخۆیی بە مەودای سەروو 2000 کیلۆمەتر، بەڵام ئەم پڕۆژەیە تاوەکو ساڵانی 2030 ئامادە نابێت.

وەک چارەسەرێکی خێرا، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان سوود لە "ئەزموونی ئۆکرانیا" وەردەگرن؛ کە کیێڤ توانیویەتی مووشەکی "فلامینگۆ" پەرە پێ بدات کە مەوداکەی 3000 کیلۆمەترە و هەفتەی رابردوو ئامانجێکی سەربازیی رووسیای لە مەودای 1500 کیلۆمەتری پێکاوە.

ئەوروپا ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە؛ یان دەبێت بە تەواوی پشتی خۆی بە پیشەسازیی سەربازیی ناوخۆیی ببەستێت، یان لەژێر سێبەری هەڕەشە مووشەکییەکانی مۆسکۆ و بڕیارە ناپێشبینیکراوەکانی واشنتندا بمێنێتەوە.