سێنتکۆم: نەوتهەڵگرێکی ئێرانیمان لە کەنداوی عومان پەکخست

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان رێوشوێنی گەمارۆی دەریاییان دژی ئێران جێبەجێ کردووە و توانیویانە نەوتهەڵگرێکی ئەو وڵاتە لە کەنداوی عومان لە کار بخەن، دوای ئەوەی هۆشدارییەکانی پشتگوێ خستبوو.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، کاتژمێر 9ی بەیانی (بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا)، هێزەکانیان لە کەنداوی عومان رێگرییان لە نەوتهەڵگرێکی هەڵگری ئاڵای ئێران بە ناوی (M/T Hasna) کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هێزەکانی سێنتکۆم چاودێری نەوتهەڵگری "حەسنا"یان کردووە کە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەرەو بەندەرێکی ئێران بەڕێوە بووە. هێزە ئەمریکییەکان چەندین هۆشداریی توندیان ئاراستەی کەشتییەکە کردووە و ئاگاداریان کردووەتەوە کە تێپەڕبوونی، پێشێلکردنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکایە.

دوای ئەوەی ستافی نەوتهەڵگرە ئێرانییەکە پابەندی هۆشدارییەکان نەبوون، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F/A-18 Super Hornet، کە لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" (USS Abraham Lincoln)ەوە فڕیوە، ڕێگرەی لێکردووە

فڕۆکە جەنگییەکە بە تۆپی 20 ملمی چەندین گوللەی ئاڕاستەی نەوتهەڵگرەکە کردووە و پەکیکردووە، بەمەش کەشتییەکە لە جووڵە کەوتووە و چیتر ناتوانێت بەرەو ئێران بەردەوام بێت.

سێنتکۆم جەختی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئەو کەشتییانەی هەوڵی چوونە ناوەوە یان چوونە دەرەوە لە بەندەرەکانی ئێران دەدەن، بە تەواوی بەردەوامە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە کارکردنی ورد و پیشەگەرانە بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری گەمارۆکە.