ئۆکرانیا پێشنیازی کردووە هاوسەرگیری لە تەمەنی 14 ساڵی رێگەپێدراو بێت

لە هەنگاوێکدا کە بووەتە جێی دەنگۆ و مشتومڕێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، پەرلەمانی ئۆکرانیا لە ئێستادا تاوتوێی پێشنیازێک دەکات لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای نوێی "یاسای مەدەنی"دا، کە رێگە دەدات لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان کەم بکرێتەوە بۆ 14 ساڵ.

چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026، بەپێی ماددەی 1478 لە پڕۆژەی یاسا نوێیەکەی ئۆکرانیا، دادگا تەنها لە دوو حاڵەتدا دەتوانێت مۆڵەتی هاوسەرگیری بە کچێکی تەمەن 14 ساڵ بدات، ئەویش لەکاتی "دووگیانی" یان "منداڵبوون"دا، بەو مەرجەی دادگا بە وردی بەرژەوەندیی کچەکە لەبەرچاو بگرێت، ئەمە لە کاتێکدایە تەمەنی یاسایی گشتی بۆ هاوسەرگیری وەک خۆی (18 ساڵ) دەمێنێتەوە و تەمەنی 16 ساڵیش وەک حاڵەتێکی ناوازەی دیکە بە بڕیاری دادگا هەر بەردەوام دەبێت.

ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە، ئۆکرانیا بەدەست قەیرانێکی گەورەی دانیشتووانەوە دەناڵێنێت کە بە کارەساتبار وەسف دەکرێت، وەزارەتی سیاسەتی کۆمەڵایەتی ئۆکرانیا لە تەمموزی 2025 رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە تەمەنی کارکردن دان (15-64 ساڵ) بە رێژەی 40% بەراورد بە ساڵی 2021 کەمی کردووە.

هۆکارەکانی ئەم داڕمانە دیمۆگرافییە بریتین لە:
1-  دابەزینی رێژەی منداڵبوون بۆ کەمتر لە (1) منداڵ بۆ هەر ژنێک، کە یەکێکە لە نزمترین رێژەکان لە جیهاندا.
2-  گیانلەدەستدانی سەدان هەزار گەنج لە جەنگدا.
3-  کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووان بۆ دەرەوە (نێوان 5 بۆ 6 ملیۆن کەس) کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
4-  کەمبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری بە رێژەی 50% لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە.

بەپێی خەمڵاندنی شارەزایانی پەیمانگای دیمۆگرافی، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی ئۆکرانیا تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە بۆ 25 ملیۆن کەس دابەزێت.

هاوکات ئەم پێشنیازە شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە، ئەو کەسانەی دژی پێشنیازەکەن دەڵێن، ئەمە گەڕانەوەیە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و پێشێلکردنی مافەکانی منداڵە و هۆشداری دەدەن کە هاوسەرگیری زوو مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی دەروونی، جەستەیی و دواڕۆژی خوێندنی کچان دروست دەکات.

لە بەرانبەردا، لایەنگرانی هەموارکردنەوەکە دەڵێن، مەبەست ئەم پێشنیازە هاندانی هاوسەرگیری پێشوەختە نییە، بەڵکو بۆ رێکخستنی ئەو راستییە کۆمەڵایەتییەیە کە کچانی تەمەن 14 ساڵ تیایدا دووگیان دەبن، تاوەکو چوارچێوەیەکی یاسایی هەبێت بۆ پاراستنی مافی دایک و منداڵەکە لە بری ئەوەی لە دەرەوەی چاودێری یاسا بمێننەوە.