وۆڵ ستریت جۆرناڵ: تاران لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئامادەی دانوستانە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد، تاران جیاواز لە پێشتر پاشەکشەی لە داواکارییەکانی کردووە و ئامادەیە پرسی ئەتۆم بباتە نێو دانوستانەکان. 

چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، لەوانەیە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، تاران جیاواز لە پێشتر پاشەکشەی لە داواکارییەکانی کردووە و ئامادەیە پرسی ئەتۆم بباتە ناو دانوستانەکان. 

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێران داوای لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئاسایشی دەریایی لە گەرووی هورمز کە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، رەت بکەنەوە. تاران دەڵێت: تاکە چارە کۆتاییهێنانە بە جەنگ و نەهێشتنی سنووردارکردنی دەریاوانی و گەڕاندنەوەی جووڵەی دەریایی.

نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی پرەنسیپی "ئازادیی کەشتیوانی" وەک بیانوویەک بۆ پاساودانە بە کارە نایاساییەکانی، هاوکات داوای رەتکردنەوەی ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی کرد.