سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا: پەکەکە 14 ناوچەی دیکەی حەوانەوەی لە خواکوڕک چۆڵ کرد
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا رایانگەیاند، پەکەکە 14 ناوچەی دیکەی حەوانەوەی لە سنووری خواکوڕک چۆڵ کردووە و وەزارەتی بەرگریی تورکیاش ئەشکەوت و حەشارگەکانی ئەو ناوچانەی لەناو بردووە.
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ئاشکرایان کرد، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) 14 ناوچەی دیکەی حەوانەوەی لە ناوچەی خواکوڕک چۆڵ کردووە و ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو ناوچانە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە (MSB) بەکارهێنانیان راگیراوە.
ئەو ناوچانەی لە خواکوڕک چۆڵ کراون، بریتین لە: "جیگەر تەپە، شەریف، عەلیشەر، کەندەکۆلا، پاژک، باران جەبەخانە، هێنەرێ/نەخۆشخانە، تەرزەخانە، مەزڵووم دۆغان، پراتیک یۆنەتیم، جەبەخانە، یووسف-ئاسایش، هێمن و جەسوور".
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی (TRT)ی تورکی، لە راگەیەندراوی سەرچاوە ئەمنییەکاندا هاتووە: "لە چوارچێوەی دیدگای بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا، لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش، سەقامگیری و داهاتووی ناوچەکەمان، بە گیانی فیداکاری و بڕیاردان و ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەردەوامین لە هاویشتنی هەنگاوی گرنگ لەو پرۆسەیەی بەڕێوەدەچێت."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە چوارچێوەی ئەو کارانەی بۆ چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی حەوانەوە بەڕێوەدەچن کە مەترسیی پێکدادانیان لێ دەکرێت لەڕووی ئەمنی وڵاتەوە، "پەکەکە/کەجەکە" سەرەڕای ئەو 4 ناوچەیەی حەوانەوە کە لە رێکەوتی 8ی تشرینی یەکەمی 2026 لە دەڤەری بازی لە ناوچەی مەتینا چۆڵی کردبوون (هێبات، یاژک، سەبری و ساسۆن)، ئەمجارە 14 ناوچەی حەوانەوەی لە ناوچەی خواکوڕک لە رێکەوتی 18ی تشرینی دووەمی 2026ـەوە چۆڵ کرد.
سەرچاوە ئەمنییەکان روونیان کردووەتەوە، وەزارەتی بەرگریی نیشتمانی ئەشکەوت و حەشارگەکانی ئەو ناوچانەی لەناو بردووە و نەشیاوی بەکارهێنانی کردوون، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەم پێشهاتە مەیدانییانە پیشاندەری بەرەوپێشچوونن لە قۆناخی چەکدانان و هاوکارن بۆ ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی سیاسیی وڵاتانی ناوچەکە.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەلامەتیی ئەو پرۆسەیەی تا ئێستا چەندین قۆناغی هەستیاری تێپەڕاندووە، پشت بەو پێشهاتە بەرجەستە و پشتڕاستکراوانەی مەیدان دەبەستێت کە نیشاندەری ئیرادەی تەواوکردنی سەرکەوتووانەی پرۆسەکەن.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر پێشهاتێکی ئەرێنی کە لەژێر چاودێریی بەردەوامی "دەستەی هاوئاهەنگیی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" و لێژنە لاوەکییەکانیدایە بەگوێرەی یاسای تایبەت بە بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی، هەنگاوێکی دیکە نزیکتر دەبێتەوە لە ئامانجی تێکەڵبوونەوەی ئەو کەسانەی بەگوێرەی مەرجەکانی یاسا دەگەڕێنەوە وڵات، هاوکات دەرفەت بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە ئابوورییەکان لەپێناو خۆشگوزەرانیی وڵات دەڕەخسێنێت.