جەنگی ئێران گەشەی ئابووریی ئەڵمانیای سست کردووە
پەیمانگای ئابووریی ئەڵمانیا (IW) لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا هۆشداری دەدات کە بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕ لە ئێران، بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و پچڕانی زنجیرەی دابینکردن، چاکبوونەوەی ئابووریی ئەڵمانیا تووشی سستیی بووە. پەیمانگاکە پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی ئەمساڵی گەورەترین ئابووریی ئەورووپا بۆ تەنیا 0.4% کەمکردەوە.
ئەم پێشبینییە نوێیە لەلایەن پەیمانگایەکی نزیک لە خاوەنکاران دەرچووە، دابەزینێکی بەرچاو نیشان دەدات بەراورد بەو پێشبینییەی لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو بڵاوکرابووەوە، ئەو کات مەزەندەی گەشەی 0.9% کرابوو. ئەم گۆڕانکارییە تیشک دەخاتە سەر ئابووریی ئەڵمانیا دوای چەند ساڵێک لە پاشەکشە و دۆخی نالەبار.
مایکل جێرمڵینگ، شارەزای ئابووری لە پەیمانگاکە رایگەیاند: "جەنگی ئێران ئەو چاکبوونەوەیە کەمەی هەبوو، خنکاندی." ئاماژەی بەوەش کرد، بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کێشەکانی دابینکردن گورزێکی کوشندەن بۆ وڵاتێک کە دوای سێ ساڵ لە وەستان و پاشەکشە، توانایەکی ئەوتۆی بۆ بەرگری نەماوە.
بەگوێرەی شیکارییەکانی پەیمانگاکە، ئەو گەشە سنووردارەیشی کە چاوەڕوان دەکرێت، زیاتر لەسەر بنەمای "خەرجییەکانی حکوومەت و زیادبوونی بودجەی بەرگری" دەبێت، نەک چالاکییە بازرگانییە ئاساییەکان.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات ململانێکان ئابووریی جیهانی رووبەڕووی گوشارێکی وا کردووە، پێشبینیکردنی قورسە. چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی شۆکی نرخی وزەوە، تێکڕای هەڵاوسان لە ساڵی 2026 بگاتە 3%. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئاستی دامەزراندن دابەزێت، وەبەرهێنانە جێگیرەکان کەم ببنەوە و کەرتی بەکاربردنی تایبەتیش تووشی وەستان ببێت.
یەکێکی دیکە لە نیشانە مەترسیدارەکان بۆ ئابووریی ئەڵمانیا، پاشەکشەی کەرتی هەناردەیە. جێرمڵینگ دەڵێت: "لە کاتێکدا بازرگانیی جیهانی گەشە دەکات، هەناردەی ئەڵمانیا بۆ چوارەمین جار لەسەریەک پاشەکشە دەکات." ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ لەدەستدانی توانای کێبڕکێی ئەڵمانیا لە بازاڕە جیهانییەکاندا لێکدەدرێتەوە.
ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن ئابووریی ئەڵمانیا لە سەرەتای ئەمساڵدا گەشەیەکی زۆر کەمی (0.3%) تۆمارکردووە. ئەمەش دوای زنجیرەیەک ساڵی سەخت دێت، ساڵی 2023، پاشەکشە بە رێژەی 0.9%، ساڵی 2024، پاشەکشە بە رێژەی 0.5% ساڵی 2025، گەشەیەکی زۆر کەم بە رێژەی 0.2%.
لە کۆتاییدا، پەیمانگای ئابووریی ئەڵمانیا جەخت دەکاتەوە داهاتووی ئابووریی وڵاتەکە بە تەمومژاوی دەمێنێتەوە و هەموو شتێک بەندە بەوەی ئایا ململانێکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا کەی بەردەوام دەبن.