ترەمپ: ئێستا گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران زۆر گونجاوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەشبینی خۆی نیشاندا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی خێرای جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئێران. ترەمپ رایگەیاند؛ هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بەردەوامە کە تێیدا کۆتایی بە چەقبەستوویی دۆخی گەرووی هورمز و پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بهێنرێت.
ترەمپ لە میانی چالاکییەکدا بۆ پشتگیریکردن لە بێرت جۆنز، کاندیدی پارتی کۆماری بۆ پۆستی پارێزگاری ویلایەتی جۆرجیا، گوتی: "ئێمە بۆ مەبەستێکی زۆر گرنگ کار دەکەین، ئەویش ئەوەیە ناتوانین رێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. زۆربەی خەڵک دەزانن ئەوەی دەیکەین کارێکی راستە و ئەم بابەتەش بەمزووانە کۆتایی دێت."
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی دیکەیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ (Oval Office) ئاماژەی بەوە کرد، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران "زۆر گونجاوە" و گوتی: "لە 24 کاتژمێری رابردوودا گفتوگۆی زۆر باشمان ئەنجامداوە، ئەگەری زۆرە بگەینە رێککەوتن."
لەلایەکی دیکەوە ترەمپ لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران لەسەر ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە کۆک بێت، ئەوا پرۆسەی (داستانی تووڕەیی - Epic Fury) کۆتایی دێت. بەڵام ئەگەر رازی نەبن، بۆردوومان دەستپێدەکات و بەداخەوە ئاستی هێرشەکان زۆر توندتر و بەهێزتر دەبن لەوەی پێشتر بینراوە."
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، ترەمپ بڕیاریدا بە راگرتنی "پڕۆژەی ئازادی" کە بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەستیپێکردبوو، وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی پێشکەوتن لە گفتوگۆکاندا. بەڵام لە هەمان کاتدا، واشنتن گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی هێشتووەتەوە کە لە 13ـی نیسانەوە سەپێنراوە.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا رایگەیاند؛ فڕۆکەیەکی جەنگی هێزی دەریایی وڵاتەکەی، تەقەی لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر کردووە و پەکخستووە، دوای ئەوەی کەشتییەکە هەوڵیدابوو گەمارۆکە بشکێنێت.
وەزارەتی سوپای فەرەنسا ئاشکرای کرد؛ کەشتی فڕۆکەهەڵگری "شارل دیگۆل" و کەشتییە جەنگییەکانی هاوەڵی، بەرەو ناوچەی کەنداو بەڕێکەوتوون بۆ بەشداریکردن لە ئەرکێکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی بەریتانیا و فەرەنسا، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.