یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسداران: هێشتا جەنگ کۆتایی نەهاتووە
عەمید یەدوڵڵا جەوانی، یاریدەدەری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کاروباری سیاسی، رایگەیاند، وڵاتەکەی لە شەڕی دژ بە دوژمنان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام جەختیکردەوە رووبەڕووبوونەوەکان هێشتا بەردەوامن.
یەدوڵڵا جەوانی لە پارێزگای زەنجان رایگەیاند، "پێش دەستپێکردنی جەنگ، ئەمریکییەکان خەیاڵی سەرکەوتنیان کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ نیگەران و ترساون، ئەمەش بەدیهاتنی بەڵێنی خوایییە کە دڵنیایی دەداتە بڕواداران و ترس دەخاتە دڵی دوژمنانەوە."
یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسداران، جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکای بە جەنگی نێوان "بەرەی مرۆڤایەتی و بەرەی دژە مرۆڤایەتی" و ململانێی نێوان "حەق و با تڵ" وەسف کرد، راشیگەیاند، ئامادەیی گەل لە شەقامەکان و پشتیوانیکردنیان لە دەسەڵات، دوو کۆڵەکەی سەرەکیی هێزی کۆماری ئیسلامین.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، جەوانی گوتیشی، "دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەمریکا ماوەی 47 ساڵە نەیتوانیوە بەرەوڕووی ئێران ببێتەوە بەڵام ئەو دەتوانێت؛ بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هێز و توانایەکیان هێنایە مەیدان، بەڵام ئەنجامی جەنگەکە سەلماندی کە خەیاڵەکانیان پووچ بوون و ئێران شکستی نەهێنا."
هەروەها گوتیشی، "ئێمە لە جەنگدا سەرکەوتووین بەڵام جەنگەکە هێشتا تەواو نەبووە، دەبێت بگەینە ئاستێکی وەهای هێز کە هیچ دەوڵەت یان هێزێک نەتوانێت هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەش کرد، هێز تەنیا لە کەرتی سەربازی و بەرگریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو پێویستە ئێران لە بوارەکانی زانست، ئابووری و پزیشکیشدا ببێتە هێزێکی گەورە تا هیچ لایەنێک نەوێرێت دەستدرێژی بکاتە سەری.