ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی دادگایی دەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی، دادگایی لاهور شێخ جەنگی و 11 دەستگیراوی دیكەی لالەزار دەکات. بەگوێرەی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی رووبەڕووی دادگا دەبنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان 24، دانیشتنەکە کاتژمێر 10ـی بەیانی دەستپێدەکات، بەپێی رێکارە یاساییەکان، پێویستە هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وەک سکاڵاکار لە یەکەم دانیشتندا ئامادە بن، بەڵام تا ئێستا روون نییە کە ئایا ئامادەی دانیشتنەکە دەبن یان تەنیا پارێزەرەکانیان دەنێرن.

گوتیشی، کەسوکار و لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی داوا دەکەن دادگا سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکە بکات، ئەوان پێیان وایە کە "ئاراستەیەکی سیاسی" بەسەر دۆسیەکەدا زاڵە و داوا دەکەن رێکارەکان تەنیا لە چوارچێوەی یاسادا بن.

هەر لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا، بڕیارە 10 دەستگیرکراوی دیکەی رووداوەکانی "لالەزار" بهێنرێنە بەردەم دادوەر بۆ وەرگرتنی گوتەکانیان.

لە لایەکی دیکەوە، دەوروبەری دادگای سلێمانی بە چڕی تەنراوە بە هێزە ئەمنییەکان و ئاسایش، رێکاری زۆر توند بەرامبەر هاتوچۆی هاووڵاتیان و میدیاکاران گیراوەتە بەر. پەیامنێری کوردستان 24 ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی توندی رێکارە ئەمنییەکانەوە، رێگە بە دەزگاکانی راگەیاندن نەدراوە لە نزیک باڵەخانەی دادگا رووماڵی راستەوخۆ بکەن و پشکنینی ورد بۆ هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە دەچنە ناو هۆڵی دادگا.

دوێنێ چوارشەممە، دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند "دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، یەکێکیان بەگوێرەی ماددەی 56 کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە بەگوێرەی ماددەی 406."

دانا تەقیەدین جەختی کردەوە کە "مۆرکی یاسایی لەم کەیسەدا زۆر لاوازە، بەڵام مۆرکێکی سیاسی بەهێزی هەیە." چونکە دەبوو پۆلیس بچێتە سەریان بۆ دەستگیرکردن، بەڵام هێزی حزبی و کۆماندۆ و ئاسایش بەکارهێنراون، هەروەها مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە ئاسایش بۆ ماوەیەکی زۆر بە نایاسایی وەسف کرد.

شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. 

لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.