فەرەنسا کەشتیی جەنگی رەوانەی دەریای سوور دەکات

فەرەنسا کەشتیگەلێکی جەنگی رەوانەی دەریای سوور کرد وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەرکی پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز؛ هاوکات پڕۆژەیەکی هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا پێشکەشی واشنتن و تاران کردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە زیانە ئابوورییە جیهانییەکان.

حکوومەتی فەرەنسا رایگەیاند کە هێزە دەریاییەکانی رەوانەی ناوچەکە کردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە جارێکی دیکە ئاڵۆزی لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە دروستبووەوە، کە شادەماری وزە و بازرگانیی جیهانییە.

بەرپرسێکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هۆکاری ئەوەی دەبێت هەوڵەکانمان نوێ بکەینەوە ئەوەیە کە گەمارۆدانی گەرووی هورمز بەردەوامە، زیانەکان بۆ سەر ئابووریی جیهان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن و مەترسیی درێژەکێشانی پێکدادانەکان زۆر جدییە."

پڕۆژەی فەرەنسا و بەریتانیا

فەرەنسا و بەریتانیا چەند هەفتەیەکە کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکەن بۆ زامنکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا. ئەم پلانە پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران هەیە و تاوەکو ئێستا 12 وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن تێیدا نیشان داوە.

سوپای فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "چارل دیگۆل" کە کەشتییە جەنگییەکانی ئیتاڵیا و هۆڵەندا هاوەڵی دەکەن، بەرەو باشووری دەریای سوور بەرێکەوتووە. ئامانجی ئەم جووڵە سەربازییە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکە، بەهێزکردنی بژاردەکانی بەڕێوەبردنی تەنگژەکان و دڵنیاکردنەوەی لایەنە بازرگانییە دەریاییەکان.

بەرپرسەکەی سەرۆکایەتیی فەرەنسا روونیکردەوە: "ئەوەی ئێمە پێشنیازی دەکەین ئەوەیە کە ئێران رێگەی تێپەڕبوونی کەشتییەکانی پێ بدرێت و لە بەرانبەردا پابەند بێت بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، مووشەکی و پرسە ناوچەییەکان. هەروەها ئەمریکاش گەمارۆی سەر گەرووی هورمز هەڵبگرێت."

هورمز وەک کارتی فشار

هێشتا روون نییە ئایا ئێران رەزامەندی لەسەر ئەم پێشنیازە دەدات یان نا، چونکە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز کارتێکی بەهێزی فشاری تارانە لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ واشنتن. بەرپرسە فەرەنسییەکە دەڵێت: "دەمانەوێت پەیامێک بنێرین کە نەک هەر ئامادەین بۆ پاراستنی گەرووی هورمز، بەڵکو توانای ئەوەشمان هەیە؛ ئێستا گرنگ ئەوەیە رەزامەندی ئێران و ئەمریکا بەدەستبهێنین."

وڵاتانی ئەوروپا کە پێشتر تەنیا چاودێری ململانێی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانیان دەکرد، ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 100 دۆلار، کەوتوونەتە هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان. رەوانەکردنی ئەم هێزە دەریاییە دەکرێت وەک وەڵامێکیش بێت بۆ رەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ئەوروپای تۆمەتبار کردبوو بەوەی هاوکاری هەوڵەکانی واشنتن ناکەن.