دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا

دوای چەند خولەکێک لەدەستپێکردنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی، دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.

فێنک ئەحمەد، بەرپرسی پێشووی ناوەندی هەڵبژاردنی بەرەی گەل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 14-5 دواخرا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکەن و دوای ئەوە هەڵوێستی فەرمی "بەرەی گەل" و لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی رادەگەیەنرێت.

سەبارەت بە هۆکاری دواخستنەکەش، فێنک ئەحمەد روونی کردەوە، دوای خوێندنەوەی پەڕاوەکان دادگا بڕیاری داوە دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دوا بخات.

لەلایەکی دیکەوە دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور بە کوردستان24ـی راگەیاند، دواخستنی دادگاییەکە بەهۆی ئامادەنەبوونی سکاڵاکارەکان بووە، کە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانین.

دوێنێ چوارشەممە، دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند "دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، یەکێکیان بەگوێرەی ماددەی 56 کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە بەگوێرەی ماددەی 406."

دانا تەقیەدین جەختی کردەوە کە "مۆرکی یاسایی لەم کەیسەدا زۆر لاوازە، بەڵام مۆرکێکی سیاسی بەهێزی هەیە." چونکە دەبوو پۆلیس بچێتە سەریان بۆ دەستگیرکردن، بەڵام هێزی حزبی و کۆماندۆ و ئاسایش بەکارهێنراون، هەروەها مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە ئاسایش بۆ ماوەیەکی زۆر بە نایاسایی وەسف کرد.

رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، موحسین خۆشناو، پاسه‌وانی لاهور شێخ جه‌نگی و 11 ده‌ستگیركراوی دیكه‌ی لاله‌زار ئازاد کران.

ئەمە لە کاتێکدابوو، رۆژی پێنجشەممە (09ـی نیسانی 2026)، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو. 

پێشتریش، ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون؛ حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.

 رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.

 شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. 

لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.