ئێن بی سی نیوز: سعوودیە رێگەی نەدا ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی بەکار بهێنێت

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا

تۆڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سعوودیە هۆکاری سەرەکی بووە لەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە "پڕۆژەی ئازادی" بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز پاشەکشە بکات.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، پاشەکشە لەناکاوەکەی ترەمپ دوای ئەوە هاتووە؛  سعوودیە بڕیاری داوە رێگری بکات لەوەی سوپای ئەمریکا بنکە سەربازییەکان و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە بەکاربهێنێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و بە بڕیارێکی تاکلایەنە لە رێگەی "سۆشیاڵ میدیا"وە پڕۆژەی ئازادی بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز راگەیاندبوو. ئەم هەنگاوەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی توندی سعوودیەی لێکەوتووەتەوە،  وەک پەرچەکردارێک بەکارهێنانی بنکەی ئاسمانی "شازادە سوڵتان" و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ئەو مەبەستە قەدەغە کردووە.

لای خۆشیەوە، دۆناڵد ترەمپ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند؛ ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی "پڕۆژەی ئازادی" رادەگرێت، کە ئامانج لێی هاوکاریکردنی کەشتییە بازرگانییەکان بوو بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز. ترەمپ هۆکاری راگرتنی پڕۆژەکەی بۆ هەبوونی پێشکەوتن لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران و داواکاریی وڵاتانی وەک پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکە گەڕاندەوە.