ئەکسیۆس: سبەی ئێران وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکا دەداتەوە
واشنتن چاوەڕوانی وەڵامی یەکلاکەرەوەی تاران دەکات
لە چوارچێوەی چڕبوونەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، سەرچاوە میدیاییەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، کە واشنتن لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی تاران دەکات سەبارەت بە پێشنیازی راگرتنی جەنگ. ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات تاوتوێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی کاتی دەکەن، هەرچەندە هێشتا ناکۆکیی قووڵ لەسەر هەندێک دۆسیەی هەستیار بوونی هەیە.
پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، ئێران سبەی وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکا لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەداتەوە.
بەڵام لە لایکەی دیکەوە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد، کە چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ تاران وەڵامی پێشنیازەکەی واشنتن بداتەوە.
سەرەڕای ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییانە، ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، کە لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان، هێشتا جیاوازی و بۆشاییەکی قووڵ لە نێوان تێڕوانینی هەردوو وڵاتدا بوونی هەیە.
بە پێی سەرچاوەکان، گەورەترین خاڵی ناکۆکیی نێوان هەردوو لا، کە بووەتە بەربەست لە بەردەم رێککەوتنێکی گشتگیردا، خۆی لە دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و میکانیزمی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزدا دەبینێتەوە.
هەمان ئەو سەرچاوە ئاگادارانە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاست کردووەتەوە، کە ئێستا چەقی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، کارکردنە لەسەر داڕشتنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی کاتی. ئامانجی سەرەکی لەم یاداشتە، راگەیاندنی ئاگربەست و وەستاندنی قۆناغی جەنگە، لەگەڵ زامنکردنی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی جووڵەی بازرگانی و کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا، تا ئەو کاتەی زەمینە بۆ رێککەوتنێکی بەرفراوانتر دەڕەخسێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە چەندین جار بانگەشەی بۆ ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە کردووە کە لە 28ـی شوبات هەڵگیرساوە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە زۆر گەشبین دەرکەوت و لە نووسینگەیەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو: "لە 24 کاتژمێری رابردوودا گفتوگۆی زۆر باشمان ئەنجامداوە و زۆر پێدەچێت بگەینە رێککەوتن". دواتر جەختی لەوە کردبووەوە کە بابەتەکە "بە خێرایی کۆتایی دێت".