ئەمریکا: ئێران بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی 400 هەزار بەرمیل کەم کردووەتەوە

وەزیری وزەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە تاران بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانییەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.

پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز"، ئاماژەی بەوە کرد، پێدەچێت بەهۆی پڕبوونی توانای کۆگاکردنی دامەزراوەکانییەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

هاوکات ئاشکرای کرد، کە بەپێی زانیارییەکان، "پێدەچێت ئێران تا ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم کردبێتەوە."

شەممە، 2ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ، لە زاری بەرپرسێکی بڵاوی ئێران بڵاوی کردبووەوە، وڵاتەکە، بە شێوەیەکی کردەیی دەستی بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، هەنگاوێکی پێشوەختەیە لەپێناو دوورکەوتنەوە لە گەیشتن بەوپەڕی سنووری توانای کۆگاکردنی نەوت." هەروەها دووپاتی کردبووەوە، کە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

لە وەڵامی فشارەکانی ئەمریکاشدا، بەرپرسە باڵاکەی ئێران گوتوبووی: "بابەتەکە بۆ ئێمە ئەوەیە کە دەتوانین بۆ ماوەیەکی درێژتر لە واشنتن بەرگەی گەمارۆ ئابوورییەکان بگرین."

داتاکانی ناوەندی (Kpler) و (TankerTrackers) دەریدەخەن کە ئێران هێشتا 20 رۆژ شوێنی کۆگای لەسەر وشکانی ماوە، و ئەگەر تانکەرە وەستاوەکانی ناو دەریاش بەکاربهێنێت، دەتوانێت تا 6 هەفتەی دیکە بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی بەرهەمهێنان رابگرێت.

لە ماوەی رابردوودا ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاندووە بە مەبەستی رێگریکردن لە فرۆشتنی نەوت و هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات.

بە پێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ئامارەکانی هەردوو کۆمپانیای ڤۆرتێکسا و تانکەر تراکەرز، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران سیستەمی چاودێریکردنیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی لە چاوی هێزەکانی ئەمریکا بشاردرێنەوە.