قەرارگای خاتەمولئەنبیا: بۆ هەر دەستدرێژییەک وەڵامی توندمان دەبێت
گوتەبێژی فەرماندەیی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیک گەرووی هورمز هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێران، بەڵام بە توندی بەرپەرچدراونەتەوە، هاوکات هەندێک وڵاتانی ناوچەکەشی تۆمەتبارکردووە بەوەی دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر کەناراوەکانی ئێران.
کەمێک لەمەوبەر گوتەبێژی فەرماندەیی قەرارگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا پێشێلی ئاگربەستی کردووە و لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران هێرشی کردووەتەوە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران، کە لە ناوچەی جاسک بەرەو گەرووی هورمز لە جووڵەدا بووە، هەروەها کەشتییەکی دیکە لە نزیک گەرووی هورمز بەرانبەر بە بەندەری فوجەیرەی ئیمارات پەلاماردراوە، لە هەمانکاتدا ئەمریکا بە هاوکاری هەندێک وڵاتی ناوچەکە هێرشی ئاسمانیان کردووەتە سەر ناوچە مەدەنییەکان لە کەناراوەکانی بەندەری خەمیر و سیریک و دوورگەی قیشم.
هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز و باشووری بەندەری چابەهار دەستبەجێ بەرەنگاریی کەشتیە جەنگییەکانی ئەمریکا بوونەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لە بارەی زیانەکانیان نەزانراوە.
گوتەبێژەکەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا دەڵێت "ئەمریکا و وڵاتانی لایەنگری دەبێت باش بزانن کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر وەک پێشوو بەهێزە و بەبێ هیچ دوودڵییەک وەڵامی توندی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە.