ترەمپ: ئەگەر تاران بە خێرایی رێککەوتن واژۆ نەکات، رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر توندتر دەبێتەوە
سەرۆکی ئەمریکا، ریگەیاند هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشێکی توندی ئێرانیان داوەتەوە و زیانی گەورەیان بە هێزەی ئەو وڵاتە گەیاندووە. هاوکات هۆشداریی دا ئەگەر تاران بە خێرایی رێککەوتن واژۆ نەکات، رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر توندتر دەبێتەوە.
هەینی 8ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد کە سێ کەشتیی جەنگیی ئەمریکی بە سەرکەوتوویی لە گەرووی هورمز تێپەڕین، سەرەڕای ئەوەی لە کاتی تێپەڕبوونیاندا رووبەڕووی تەقە و هێرشی هێزە ئێرانییەکان بوونەتەوە.
ترەمپ جەختی کردەوە کە هیچ زیانێک بەر سێ کەشتییە ئەمریکییەکە نەکەوتووە، بەڵام "زیانێکی یەکجار گەورە" بەر هێزی ئێرانییەکان کەوتووە. گوتیشی: "بەلەمە بچووکەکانی ئێران بە تەواوی لەناوبران و بە خێرایی و کاراییەکی زۆرەوە نوقمی بنکەی دەریا کران."
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی زیاتری خستە ڕوو و رایگەیاند کە چەندین مووشەک ئاراستەی کەشتییەکان کراون بەڵام بە ئاسانی بەرپەرچیان دراوەتەوە. سەبارەت بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیش (درۆن)، ترەمپ گوتی: "درۆنەکان لە ئاسماندا تێکشکێندران و زۆر بە جوانی کەوتنە ناو ئۆقیانووسەکەوە
ترەمپ جارێکی دیکە هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی تاران و گوتی: "وڵاتێکی ئاسایی رێگەی دەدا ئەم کەشتییانە تێپەڕ بن، بەڵام ئێران وڵاتێکی ئاسایی نییە و لەلایەن کۆمەڵێک کەسی نا ژیر بەڕێوە دەبرێت." هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبووایە، بێ دوودڵی بەکاری دەهێنا، بەڵام "هەرگیز ئەو دەرفەتەیان بۆ ناڕەخسێت."
دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "ئەگەر بە خێرایی رێککەوتنەکە واژۆ نەکەن، لە داهاتوودا زۆر بە توندتر و توندوتیژتر لێتان دەدەین."
درەنگانی شەوی رابردوو، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێران بەبێ هۆکار هێرشیان کراوەتەوە سەر، بەڵام بەشێوەیەکی بەرگری لەخۆکردن بەرپەرچی هێرشەکانی ئێرانیان داتەوە.
هەروەها گوتەبێژی فەرماندەیی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە نزیک گەرووی هورمز هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێران، بەڵام بە توندی بەرپەرچدراونەتەوە.