عێراقچی: کۆگای مووشەکیی ئێران دەوڵەمەندتر بووە
عەباس عێراقچی، رایگەیاند: ئامادەییمان بۆ بەرگری لە گەلەکەمان 1000 لە سەدە و ئێرانییەکان هەرگیز لەبەردەم فشاردا سەر دانانەوێنن، توانای مووشەکیمان %120ـە نەک %75، ئەمریکا دەیەوێت سەرۆکەکەی بخاتە ناو زۆنگاوێکی نوێوە.
ئەمرۆ هەینی، 8ـی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکی توونددا هۆشداریی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەر "سەرکێشییەکی سەربازیی بێبایەخ" و رایگەیاند، واشنتن هەر کاتێک چارەسەری دیپلۆماسی لەسەر مێز بێت، روو لە بژاردەی سەربازی دەکات. عێراقچی وتی: "ئێرانییەکان هەرگیز لەبەردەم فشاردا سەر دانانەوێنن، بەڵکو ئەوە دیپلۆماسییە کە هەمیشە دەبێتە قوربانیی تاکتیکە کوێرەکانی ئەمریکا."
وەزیری دەرەوەی ئێران بە توندی راپۆرتەکانی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)ی دەربارەی کەمبوونەوەی توانای سەربازیی وڵاتەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، " دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا هەڵە دەکات.،کۆگای مووشەکی و توانای هەڵدانی مووشەکەکانمان بەراورد بە 28ی شوبات، لە ئاستی %75دا نییە، بەڵکو ژمارە راستەقینەکە %120یە."
عێراقچی لە کۆتایی پەیامەکەیدا هۆشداریی دایە سەرۆکی ئەمریکا کە نەکەوێتە داوی "خراپکاران" و جارێکی تر خۆی لە زۆنگاوێکی نوێدا نوقم نەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، ئاستی ئامادەیی ئێران بۆ بەرگری لە گەلەکەی گەیشتووەتە "1000 لە سەد" و تاران بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر سەرکێشییەکی نوێ لە ئامادەباشیی تەواودایە.