ئێران لە کەنداوی عومان دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت
سوپای ئێران رایگەیاند، دەستیان بەسەر نەوتهەڵگرێکی هەڵگری ئاڵای باربادۆسدا گرتووە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پەکخستنی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەیان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەوپەڕی ئاڵۆزیی سەربازیدایە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئایاری 2026، لە زاری ڕاگەیەندراوێکی سوپای وڵاتەکەیانەوە بڵاویان کردەوە، تاران دەستی بەسەر نەوتهەڵگری (Ocean Koi)دا گرتووە لە ئاوەکانی کەنداوی عومان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەم نەوتهەڵگرە کە ئاڵای وڵاتی "باربادۆس"ی پێوە بووە، نەوتی ئێرانی هەڵگرتووە و تۆمەتبار کراوە بەوەی کە "ویستوویەتی زیان بە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگەیەنێت و پەکبخات" لە رێگەی قۆستنەوەی بارودۆخی نالەباری ناوچەکە.
میدیاکانی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بەوەش داوە کە ئەم کەشتییە لە مانگی شوباتی رابردووەوە لە ژێر سزاکانی ئەمریکادایە. ئێستا کەشتییەکە بردراوەتە کەناراوەکانی باشووری ئێران و ستافەکەی رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون.
ئەم هەنگاوەی ئێران دوای زنجیرەیەک پێکدادانی سەربازیی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران دێت لە گەرووی هورمز. لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو، تاران گەرووی هورمزی بە کردەیی بە رووی هاتوچۆی دەریاییدا داخستووە.
پێش هەڵگیرسانی ئەم شەڕە، گەرووی هورمز رێڕەوی سەرەکیی تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج یەکی (20%)ی نەوتی هەموو جیهان بوو، بەڵام ئێستا وەک ناوەندی جەنگێکی دەریایی و ئابووریی قورس لە نێوان واشنتن و تاراندا دەبینرێت.