محەممەد موخبەر: ساڵانێک بوو گەرووی هورمزمان پشتگوێ خستبووە

یاریدەدەری رێبەری باڵای ئێران دەڵێت گەرووی هورمز هێندەی بۆمبی ئەتۆم کاریگەری بە سەر ئابووریی جیهانەوە هەیە، ئیماراتییەکانیشمان تەنبێ کردووە و دەبێت زیاتریان تەنبێ بکەین.

محەممەد موخبەر، راوێژکار و یاریدەدەری رێبەری شۆڕش، ئەمڕۆ هەینی 8ـی ئایاری 2026 لە رێوڕەسمی یادی عەلی لاریجانی، ئاماژەی بە ستراتیژییەتی پێگەی گەرووی هورمز دا و گوتی "ساڵانێکە ئەم نیعمەتەمان پشتگوێ خستووە، لە کاتێکدا بایەخەکەی هاوتای بۆمبی ئەتۆمە، کە بەم پێگە گەورە و کاریگەرەی هەیەتی، دەتوانین بە جارێک کاریگەریمان لەسەر تەواوی ئابووری جیهان هەبێت، هەربۆیە ئەوەی لەم جەنگەدا بەدەستمان هێناوە، هەرگیز لە دەستی نادەینەوە."

ئاماژەشی دا، "ئەگەر بتوانین لە رووی پرسە نێودەوڵەتییەکانەوە سیستەمی بەڕێوەبردنی گەرووەکە بگۆڕین، زۆر باشە، ئەگەرنا بەگوێرەی یاسا و رێسا ناوخۆییەکانی ئێرانەوە کارەکان رێکدەخەینەوە ".

لە وەڵامی ئەوەی وڵاتانی دراوسێ بەرانبەر بە ئێران هەڵەیان کردووە، راوێژکار و یاریدەدەری رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران گوتی: "ئەوانە زیاتر سزا دەدرێن، ئەو وڵاتانە لە مێژە دروشمی ئەوە دەڵێنەوە کە بەهەشتێکی ئارامن بۆ وەبەرهێنەران، بەڵام ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ئاستێک کە گەورەترین کۆچ و هەڵاتنی سەرمایەدارانیان هەیە، زیانەکانیان بینیوە و زیانی زیاتر دەیبینن، هەروەها دەبێت زیاتر تەنبێ بکرێن".

پێش هەڵگیرسانی ئەم شەڕە، گەرووی هورمز رێڕەوی سەرەکیی تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج یەکی (20%)ی نەوتی هەموو جیهان بوو، بەڵام ئێستا وەک ناوەندی جەنگێکی دەریایی و ئابووریی قورس لە نێوان واشنتن و تاراندا دەبینرێت.