ترەمپ: رۆژ لە دوای رۆژ لە کۆتایی هاتنی جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا نزیک دەبینەوە

سەرۆکی ئەمریکا، سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ راگرتنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا راگەیاند و ئاشکرای کرد کە هەریەک لە پوتن و زێلێنسکی لەسەر ئاگربەستێکی سێ رۆژە و ئاڵوگۆڕی گەورەی زیندانیان رازی بوون.

هەینی 8ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، گەیشتووەتە رێککەوتن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی سەرتاسەری بۆ ماوەی سێ رۆژ؛ ئەم ئاگربەستە رۆژانی (9، 10 و 11ـی ئایار) دەگرێتەوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، ئەم کاتە هاوکاتە لەگەڵ "رۆژی سەرکەوتن" لە رووسیا، گوتیشی: "ئەم یادە بۆ ئۆکرانیاش گرنگە، چونکە ئەوانیش فاکتەر و بەشێکی گەورەی سەرکەوتن بوون لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەدا ترەمپ لەو سێ رۆژەدا هەموو جۆرە چالاکییەکی سەربازی و پێکدادانێک لە مەیدانی جەنگ رادەگیرێت؛ هاوکات گەورەترین پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانیان ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا هەریەک لە رووسیا و ئۆکرانیا 1000 زیندانی واتە کۆی گشتی 2000 کەس ئازاد دەکەن.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەم داواکارییە راستەوخۆ لەلایەن خۆیەوە پێشکەش بە هەردوو سەرۆک کراوە و سوپاسی کردن کە رەزامەندییان نیشانداوە. ترەمپ گوتی: "بەهیوام ئەمە ببێتە سەرەتای کۆتاییهێنان بەم جەنگە درێژخایەن و کوشندەیە."

ترەمپ گەشبینیی خۆی نیشاندا و رایگەیاند کە گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێیە گەورەیە کە بە گەورەترین جەنگ دوای جەنگی جیهانی دووەم وەسفی کرد بەردەوامن. گوتیشی: "ئێمە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر و زیاتر لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک دەبینەوە."

چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا، رایگەیاندبوو، ڤلادیمێر پوتن، و دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی درێژیان ئەنجامداوە کە زیاتر لە کاتژمێر و نیوێکی خایاندووە.

ئوشاکۆڤ ئاماژەی بەوە کردبوو، دۆناڵد ترەمپ بڕوای وایە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە "زۆر نزیکە". پوتن دۆخی بەرەکانی جەنگی بۆ ترەمپ باس کردبوو و بە سەرۆکی ئەمەریکای رایگەیاندبوو دەستپێشخەریی ستراتیژی لە دەستی رووسیادایە؛ هاوکات پوتن لەسەر داوای ترەمپ رازی بوو بە شێوەیەکی کاتی هێرشەکان لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ رابگرێت.

هەریەک لە ڕووسیا و ئۆکرانیا بە فەرمی جێبەجێکردنی ئاگربەستێکی سێ ڕۆژەیان لە نێوان 9 بۆ 11ی ئایار ڕاگەیاند

یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی کرێملن، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "من گونجاو بوونی دەسپێشخەرییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ لایەنی ڕووسی دووپات دەکەمەوە، کە تایبەتە بە ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانیانی جەنگ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا." مۆسکۆ جەختی کردەوە کە ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی هەموو بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە.

لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی دا کە لە کاتی بەڕێوەچوونی نمایشی سەربازیی مۆسکۆ لە ڕۆژی 9ی ئایاردا، بە هیچ شێوەیەک هێرش نەکەنە سەر "گۆڕەپانی سوور"

لەو بڕیارنامەیەی کە لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "لە ماوەی نمایشی سەربازیی مۆسکۆدا، ناوچەی گۆڕەپانی سوور لە پلانی بەکارهێنانی چەکەکانی ئۆکرانیا دەردەهێنرێت."

زێلێنسکی جەختی کردەوە کە کیێڤ گڵۆپی سەوزی لە مۆسکۆوە پێگەیشتووە بۆ ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی زیندانیان بە شێوازی "1000 بەرانبەر 1000". گوتیشی: "ئەم ئاگربەستە لە ڕۆژانی 9، 10 و 11ی ئایار جێگیر دەبێت و دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی 2000 سەرباز بۆ ناو خێزانەکانیان."