زە ئەتلانتیک: جەنگی ئێران بۆ ترەمپ نەبووە ڤەنزوێلایەکی دیکە
زە ئەتلانتیک: ترەمپ لە جەنگی ئەمریکا بێزار بووە
گۆڤاری زە ئەتلانتیک لە راپۆرتێکی شیکاریدا ئاشکرای دەکات، کە دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر بە پەرۆشە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، چونکە قەیرانەکە لەوەی ئەو چاوەڕێی دەکرد درێژخایەنتر و قورستر بووە؛ بەڵام تاران، کە درکی بەم لاوازییەی کۆشکی سپی کردووە، یاری بە کات دەکات و ئامانجیەتی ترەمپ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا شەرمەزار بکات.
بەپێی زانیارییەکانی گۆڤاری "زە ئەتلانتیک" کە لە زاری چەندین یاریدەدەر و راوێژکاری نزیک لە ترەمپەوە وەریگرتووە، سەرۆکی ئەمریکا لەم جەنگە بێزار بووە. ترەمپ کە پێشتر پێی وابوو جەنەگی ئێران وەک "ڤەنزوێلایەکی دیکە" دەبێت و لە ماوەی هەفتەیەک یان دوو هەفتەدا کۆتایی دێت، ئێستا خۆی لە ناوەڕاستی بنبەستێکی ستراتیژیدا دەبینێتەوە.
حزبی کۆماری بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و دابەزینی رێژەی جەماوەریی ترەمپ دەکەن. لە کاتێکدا لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی نیوە بەرێوەدەچێت، درێژەخایەنبوونی جەنگەکە مەترسیی لەدەستدانی کۆنترۆڵی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی لای کۆمارییەکان دروست کردووە. ترەمپ نایەوێت وەک سەرۆکەکانی پێش خۆی لە شەڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەقێت.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا زۆربەی ئامانجە سەربازییە گرنگەکانی ئێرانی پێکاوە و لیستەکەی تەواو بووە. بۆ بەردەوامبوون لە فشارەکان، ترەمپ دەبێت یان پەنا بۆ پێکانی ئامانجە مەدەنییەکان وەک وێستگەکانی کارەبا و پردەکان ببات کە ئەمەش بە "تاوانی جەنگ" ئەژمار دەکرێت، یان پەنا بۆ هێرشی زەمینی ببات کە لێی دەترسێت و نایەوێت سەربازانی ئەمریکی تێدا بکوژرێن.
هەروەها پاشەکشەی خێرای ترەمپ لە "پڕۆژەی ئازادی" نیشانەی ترسی واشنتنە لە توندبوونەوەی زیاتری پێکدادانەکان.
هەرچەندە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ و بەرپرسانی پێنتاگۆن باس لە سەرکەوتنی گەمارۆ دەریاییەکە دەکەن، بەڵام هەواڵگریی ئەمریکا هۆشداری داوە کە ئێران دەتوانێت 3 بۆ 4 مانگی تریش بەرگەی ئەو فشارانە بگرێت. تاران گەرووی هورمزی داخستووە و 20%ـی نەوتی جیهانی پەکخستووە، ئەمەش وای کردووە ململانێکە ببێتە "جەنگی ئازار"؛ واتە کام لایەن دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژتر بەرگەی کارەساتە ئابوورییەکان بگرێت.
ترەمپ، کە خۆی بە "پادشای رێککەوتنەکان" دەناسێنێت، تا ئێستا نەیتوانیوە ئێران بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ. شاندی ئێرانی لە دوا ساتدا گفتوگۆکانی ئیسلام ئابادیان جێهێشت و بەمەش سوکایەتییەکی گەورەیان بە واشنتن کرد، ئێستا سەرکردایەتی ئێران بەتایبەت سوپای پاسداران شەڕەکە بۆ توندکردنی دەسەڵاتی خۆیان بەکاردەهێنن و هیچ پەلەیەکیان نییە بۆ رێککەوتن.
"زە ئەتلانتیک" جەخت دەکاتەوە کە تەنانەت ئەگەر ترەمپ سەرکەوتنی وەهمیش رابگەیەنێت، ئامانجە سەرەکییەکانی جەنگەکە نەپێکراون، بەشێوەیەک، ئێران هێشتا نیوەی توانای مووشەکیی خۆی پاراستووە، گرووپە بریکارەکانی وەک حزبوڵڵا هێشتا چالاکن، هیچ رێککەوتنێکی فەرمی بۆ لەنێوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو نییە و ئێران بە کردەیی کۆنتڕۆڵی زیاتری بەسەر گەرووی هورمزدا پەیدا کردووە لەوەی پێش جەنگ هەیبوو.
لە کۆتاییدا، ترەمپ دەیەوێت جەنگەکە کۆتایی بێت و دەستکەوتێکی هەبێت بۆ کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتووی لەگەڵ سەرۆکی چین، بەڵام تاران هیچ ئارەزوویەکی نییە بۆ ئەوەی ترەمپ لەو قەیرانە رزگار بکات کە خۆی دروستی کردووە.