ئاژانسی رۆیتەرز: تا ئێستا فشارەکانی ئەمریکا لەسەر تاران سنووردارە

بەپێی هەڵسەنگاندنێکی نوێی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا  (CIA)، کۆماری ئیسلامی ئێران توانای هەیە بۆ ماوەی نزیکەی 4 مانگی دیکە بەرگەی ئەو گەمارۆ دەریاییە بگرێت کە ئەمریکا بەسەریدا سەپاندووە، بەبێ ئەوەی رووبەڕووی فشارێکی ئابووریی ئەوتۆ ببێتەوە کە ناچاری بکات مەرجەکانی واشنتن قبووڵ بکات.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئەم هەڵسەنگاندنە دەریدەخات کاریگەریی فشارەکانی ئەمریکا لەسەر تاران تا ئێستا سنووردارە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان هەردوولا تووشی چەقبەستوویی بوون، سەرەڕای هەوڵەکانی دۆناڵد تڕەمپ بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی کە کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکی دروست کردووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، ناوچەی گەرووی هورمز پەرەسەندنی گەورەی سەربازیی بەخۆیەوە بینیوە، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، سێ کەشتی جەنگیی ئەمریکی لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەڵام توانیویانە بەبێ زیان تێپەڕن و وەڵامی توندی ئێرانییەکانیان داوەتەوە.

لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندی بارەگای خاتەموئەلئەنبیا، هێزەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ئاگربەست و رایگەیاند، ئەمریکا کەشتییەکی نەوتی ئێرانی و چەند ناوچەیەکی سڤیلی لە دوورگەی "قیشم" بۆردومان کردووە. هێزەکانی ئێران دەڵێن، وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە و زیانی زۆریان بە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا گەیاندووە، هەرچەندە واشنتن ئەو زیانانە ڕەت دەکاتەوە.