ئیسرائیل ترسی لە رێککەوتنی واشنتن و تاران هەیە
کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، حکوومەتی ئیسرائیل پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کردووە و تێیدا جەختیکردووەتەوە، هەر گەڕانەوەیەک بۆ بژاردەی سەربازیی و جەنگ دژی ئێران، دەبێت وێرانکردنی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە لەخۆ بگرێت.
بەپێی راپۆرتی کەناڵەکە، لە نێو بڕیاربەدەستەکانی ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێز هەیە کە دەتوانرێت تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا تەواوی ژێرخانی وزەی ئێران لەناو ببرێت، بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە ئەم هەنگاوە تاران ناچار دەکات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای ئاڵۆزی و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی گەرووی هورمز، سوپای ئیسرائیل لە ئامادەباشیدایە، سەرەڕای ئەوەی نە واشنتن و نە تاران ئارەزووی هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی دیکە ناکەن، بەڵام جیاوازییەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی دەریاوانی زۆر قووڵن.
کەناڵ 12 ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل مەترسی هەیە لەوەی واشنتن و تاران بگەنە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلدا نەبێت، بۆیە فشارەکانی بۆ سەر کۆشکی سپی چڕکردووەتەوە تا بژاردەی سەربازیی توندتر بگرنە بەر.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی سەبارەت بە ستراتیژی وڵاتەکەی بۆ هەر هێرشێکی ئەگەری رایگەیاندووە، "ئەگەر ناتوانیت ئێران بڕوخێنیت، لانیکەم بە ئیفلیجی جێیبهێڵە."
ئیسرائیل دەیەوێت ئەو پەیامە بە ئەمریکییەکان بگەیەنێت کە تەنیا رێگەی کردەیی بۆ پاشەکشەپێکردنی تاران و بەدەستهێنانی دەستکەوت لە بەرامبەریدا، لێدانی سەرچاوە ئابووری و وزەییەکانیەتی، کە دەبێتە هۆی پەکخستنی تەواوەتی دەسەڵات لەو وڵاتەدا.
لە 28ـی شوباتی رابردوودا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی سەربازیی و وزەی ئەو وڵاتە گەیاند، لەبەرانبەردا ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە، دوای 39 رۆژ ئاگربەستی دوو هەفتەیی راگەیەندرا، پاشان دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستەکەکەی بۆ ماوەیەکی نادیار درێژرکردەوە.