تەندروستی جیهانی: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی 'هانتا' مەترسیی گشتیی نییە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و رایدەگەیەنێت، ئەو ڤایرۆسەی لەسەر کەشتییەکی گەشتیاریی لە زەریای ئەتڵەسی بڵاوبووەتەوە و سێ کەسی کوشتووە، مەترسییەکی گشتی دروست ناکات.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئایاری 2026، کریستیان لیند مایەر، گوتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ژنێڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ڤایرۆسی هانتا ڤایرۆسێکی مەترسیدارە، بەڵام تەنیا بۆ ئەو کەسەی کە تووشی بووە، مەترسییەکە بۆ سەر خەڵک بەگشتی زۆر سنووردارە."

گوتەبێژەکە روونیکردەوە، ئەم ڤایرۆسە وەک سورێژە یان کۆڤید-19 نییە و بە ئاسانی لە هەوادا بڵاونابێتەوە، بەڵکو گواستنەوەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە پێویستی بە بەرکەوتنی زۆر نزیک و رووبەڕوو هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت ئەو کەسانەی لە ژووری تەنیشت تووشبووەکەش بوون، تووشی نەخۆشییەکە نەبوون.

کەشتیی  (MV Hondius)کە ئێستا بووەتە باسی هەواڵەکان، رۆژی چوارشەممە لە کەیپ ڤێردییەوە بەڕێکەوتووە و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە بگاتە دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا، بڕیارە لەوێ 150 سەرنشین و تیمی کەشتییەکە دابەزێندرێن.

ئەم کەشتییە لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە لەژێر چاودێرییەکی توندی تەندروستیدایە، دوای ئەوەی سێ سەرنشین بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی "هانتا" گیانیان لەدەستدا.

بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان، ڤایرۆسی هانتا بەزۆری لە رێگەی مشکەوە لەکاتی بەرکەوتن بە میز، پاشەڕۆ یان لیکیان دەگوازرێتەوە، پسپۆڕان دەڵێن، ئەو جۆرەی لەسەر کەشتییەکە دۆزراوەتەوە ناوی "هانتا ئەندیس"ە، کە جۆرێکی دەگمەنە و دەکرێت لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.

تائێستا سەرچاوەی سەرەکی بڵاوبوونەوەکە دیار نییە، بەڵام یەکەمین حاڵەت لە سەرەتای مانگی نیسان تۆمارکراوە، کاتێک پیاوێکی هۆڵەندی تەمەن 70 ساڵ نیشانەکانی نەخۆشییەکەی لێ دەرکەوتووە و دواتر گیانی لەدەستداوە، ماوەی نێوان تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و دەرکەوتنی نیشانەکان لە نێوان یەک بۆ شەش هەفتە دەخایەنێت.