پڕۆژەکانی وەبەرهێنان پابەند دەکرێن بە بەکارهێنانی کۆدەکانی "ACI"

باڵەخانەیەکی تەواو نەکراو (وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروست کراوە)
باڵەخانەیەکی تەواو نەکراو (وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروست کراوە)

بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتی و دەستەبەرکردنی سەلامەتی لە کەرتی تەلارسازی، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، بڕیارێکی نوێی دەربارەی ستانداردەکانی بیناسازی دەرکرد.

بەگوێرەی بڕیارەکە، سەرجەم کۆمپانیاکانی جێبەجێکار لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بونیادنان، پابەند دەکرێن بە پەیڕەوکردنی کۆدەکانی پەیمانگای کۆنکرێتی ئەمریکی (ACI) لە سەرجەم پڕۆژە بازرگانی و نیشتەجێبوونەکاندا.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئایاری 2026، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: "پێشتر لە هەرێمی کوردستان کۆدی عێراقی پەیڕەو دەکرا، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی هاووڵاتیان و پاراستنی پڕۆژەکان لە کاتی رووداوە سروشتییەکانی وەک بوومەلەرزە، بڕیاردرا کۆدی (ACI) ئەمریکی بکرێتە ستاندارد، کە بە یەکێک لە بەرزترین کۆدە جیهانییەکان دادەنرێت بۆ بیناسازییەکی توندوتۆڵ."

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دروستکردنی سیستەمێکی هاوتا و یەکگرتوو لەنێوان سەرجەم پڕۆژەکاندا. گوتیشی: "ئەم کۆدە نەک تەنیا ئاستی کوالیتی و ژێرخانی بیناکان بەرز دەکاتەوە، بەڵکو کاری دەستەی وەبەرهێنانیش لە کاتی مۆڵەتپێدان ئاسانتر دەکات، چونکە پێوەرەکان روون و دڵنیایی جۆرییان تێدایە."

بەگوێرەی فەرمانە نوێیەکە، لەمەودوا هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێ نادرێت مەگەر پابەندبونی خۆی بە ستانداردەکانی (ACI) نیشان بدات. ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی دەبینرێت بۆ هاوتایکردنی کەرتی بیناسازی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی سەرمایەی نیشتمانی و گیانی هاووڵاتیان.