لە سلێمانی فیلمی "مووسڵ نیشتمانمە" نمایش دەکرێت
فیلمی دۆکیۆمێنتاریی "مووسڵ نیشتمانمە"، کە لە دەرهێنانی عەدالەت رەزایە، لە سینەمای "سیتی سینەما" لە شاری سلێمانی نمایش دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئایاری 2026، عەدالەت رەزا، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "فیلمەکە گەشتێکە بەنێو وێرانکارییەکانی شاری مووسڵدا؛ شارێک کە دوای شەڕ و کاولکارییەکان بووەتە مەڵبەندی وێرانبوون و مردن. کارەکتەری سەرەکی، پیاوێکە کە پێشتر مووسڵی بە گوڵاو و ژیانەوە بینیوە، بەڵام ئێستا بەناو خانووە تێکشکاو و شەقامە بریندارەکاندا گەشت دەکات، لە سەرەتای فیلمەکەدا دەڵێت، ژیانم خەونێکە، واتە هەموو شتەکان بۆ ئەو وەک خەونێکی تەمئامێز و دووکەڵاوی دەردەکەون."
عەدالەت رەزا گوتیشی، "ئەم پیاوە هەوڵ دەدات ئەو شوێنانە بدۆزێتەوە کە پەیوەستن بە دایکییەوە، بەڵام هەموو شتێک گۆڕاوە، ماڵەکەیان بێ سەقف و دیوار ماوەتەوە، ئەو نەخۆشخانەیەی تێیدا زیندانی کرابوون وەک زیندانێکی ژەنگاوی دەردەکەوێت، مەزارگەی پێغەمبەر یونسیش لەلایەن تیرۆریستانەوە تەواو وێران کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ژیان بەردەوامە، باڵندەکان دەخوێنن، منداڵان یاری دەکەن و سینەمایەکی بۆردومانکراویش لە بیرەوەریدا دەبێتە هۆڵێکی جوان و خەیاڵی."
دەرهێنەر تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی فیلمەکە و گوتی: "فیلمەکە تەنیا باس لە ئازار و شەڕ ناکات، بەڵکو باس لە بیرەوەری، دۆزینەوەی ناسنامە و هەستی گەڕانەوە بۆ بەهەشتی لەدەستچوو دەکات. هەنگاوەکانی مرۆڤ لە فیلمەکەدا وەک رێبەر بەکاردێن، واتە لە رێگەی گەڕان بەناو خاک و وێرانکارییەکاندا، مرۆڤ هەست بە رابردوو دەکات، هەروەها ناوی کارەکتەرە سەرەکییەکە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئەو هەست و ئەزموونەیە کە پێشکەشی دەکات."
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئایاری 2026، فیلمی دۆکیۆمێنتاریی "مووسڵ نیشتمانمە" لە شاری سلێمانی و لە هۆڵی سیتی سینەما پێشان بدرێت.
