سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیشتە ئیستانبوڵ
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیستانبوڵ و بڕیارە لەگەڵ سەرۆککۆمار و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای تورکیا کۆببێتەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 09ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری ئیستانبوڵی تورکیا.
بە گوێرەی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆشکی "دۆڵمە باخچە" لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەروەها هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن.