سەردار عەبدوڵڵا: لەبەر دوو هۆکار ناتوانم پۆست وەربگرم و داوای لێبووردنم لە 'سەرۆک بارزانی' کرد
سەردار عەبدوڵڵا، نووسەر و سیاسەتمەدار، هۆشداری لە بەشداریکردنی کورد لە کابینەی نوێی عێراق بەبێ گەرەنتی دەدات و رایدەگەیەنێت، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان پێش چوونە بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن. هاوکات ئاشکرای دەکات، بۆچی وەرگرتنی پۆستی لە بەغدا رەتکردووەتەوە؟
ئەمڕۆ شەممە، 09ـی ئایاری 2026، سەردار عەبدوڵڵا، نووسەر و سیاسەتمەدار، لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی و بەشداریی کورد لە کابینەکەدا، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی کوردستان24 بوو کە لە لایەن کۆڤان عیززەتەوە پێشکەش کرا.
بەشداریی کورد لە کابینەی عەلی زەیدی
سەردار عەبدوڵڵا بە پێویستی دەزانێت، پێش ئەوەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەشداری لە کابینەکەی عەلی زەیدی بکەن، لە لایەن هێزە سیاسییەکانی عێراقەوە گەرەنتیی ئەوەیان پێ بدرێت، کێشەکانی ماوەی رابردووی نێوان هەولێر و بەغدا، دووبارە نابنەوە.
ئەو سیاسەتمەدارە هۆشداری دا و گوتی، "ئەوەی عەلی زەیدی متمانە و پشتگیریی هەموو ئەم دەوڵەت و لایەنانەی هەیە، دیوەکی باشە، بەڵام دیوەکەی تری ترسناکە بۆ ئێمەی کورد! زۆریش ترسناکە! بەو مانایەی ئەگەر سبەی هەر سیاسەتێکی دژە کورد بگرێتەبەر، هەموو ئەو لایەنانە پشتگیری دەکەن. ئەمە گرفتێکی گەورەیە بۆ ئێمە، بۆیە دەبێت ئێمە بیر لەوە بکەینەوە لە ئێستاوە چۆن خۆمان بۆ ئەو ئەگەرانە ئامادە بکەین و چۆن بە هێزتر ببینەوە لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا."
نووسەرەکە پێی وایە، "پێویستە لایەنە کوردستانییەکان، بەر لە دەنگدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی، خەمی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان هەبێت. داوا دەکەم ئەمڕۆ شەممە، حیزبەکانی کوردستان، بڕیارێک بدەن و بتوانن سبەینێ کۆببنەوە و لە 48 کاتژمێردا رێکبکەون، حکوومەتی هەرێم پێکبهێنن و هەموو لایەنەکانیش بەشداری تێدا بکەن. ئەگەر هەموویان لێرە پێکەوە بەشدارییان کرد، ئەو کاتە لەسەر بەغداش رێکدەکەون."
سەردار عەبدوڵڵا پێی وایە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە یەک لیستی هاوبەش بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردبا، لە جیاتی چوار وەزارەت، شەش وەزارەتی بەردەکەوت، چونکە کورسیی زیاتری بەدەست دەهێنا.
جێگری سەرۆکوەزیران و دامەزراندنی دوو وەزارەتە نوێیەکە
لە میدیاکاندا باس لەوە دەکرێت، لە کابینەکەی عەلی زەیدیدا، دوو وەزارەتی نوێ بە ناوەکانی (وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی و وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە) دادەمەزرێن.
سەردار عەبدوڵڵا دەڵێت، "نابێت کورد قبووڵی بکات وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی دابمەزرێت یان ئەگەر داشمەزرا، پێویستە بۆ خۆی بێت، چونکە لە دەرەوەی دۆسیەی ئەمنییە و هیچ پۆستێکی ئەمنی بەدەستەوە نییە."
لەبارەی وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەش، ئەو گوتی، "نابێت کورد ئەم وەزارەتەش قبووڵ بکات، چونکە کەمکردنەوەی پێگەی وەزارەتی دەرەوە و سەندنەوەی دەسەڵاتەکانییەتی بڕیارە بە دەست کوردەوە بێت".
سەردار عەبدوڵڵا لەبارەی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات، قبووڵی نەکەن سەرۆکوەزیران یەک جێگری هەبێت و ئەویش بۆ شیعە بێت و پێیوایە، وەک چۆن، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان چەند جێگرێکیان هەیە، بە هەمان شێوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیش، سێ جێگری (کورد، سوننە و شیعە)ـی هەبێت.
هەڕەشەی میلیشیاکان
لەبارەی میلیشیاکانی عێراقیش، سەردار عەبدوڵڵا گوتی، "ئەم میلیشیایانە لە عێراق نابێت بمێنن. من کاتێک کاندیدی سەرۆککۆمار بووم، پرۆژەی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی عێراقم وەک پرۆژەیاسایەک ئامادە کردبوو و دەمدایە پەرلەمان. ئەم میلیشیایانە مەلەفی ئابوورییان وێران کردووە، رێگە نادەن گەشەکردنی ئابووری هەبێت، کۆمپانیاکان نایەنە ئەم دەوڵەتە، رۆژنامەنووس دەڕفێنن و بزنسمان دەڕفێنن."
وەرگرتنی پۆست لە کابینەی داهاتووی عێراق
کوردستان24 لە چەند سەرچاوەیەکەوە زانیویەتی، سەرۆک بارزانی داوای لە سەردار عەبدوڵڵا کردووە، لە کابینەی نوێی عێراق خۆی کاندید بکات و پۆستێکی وەزاری وەربگرێت.
سەردار عەبدوڵڵا زانیارییەکانی کوردستان24ـی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، رێز و پێزانینێکی زۆری بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی هەیە، بەڵام وەک خۆی گوتی، داوای لێبووردنی کردووە و گوتوویەتی، لەبەر دوو هۆکار ناتوانێت لە کابینە نوێیەکەی عەلی زەیدی هیچ پۆستێک وەربگرێت.
سەردار عەبدوڵڵا گوتی، "هۆکاری یەکەم لەبەر ئەوەیە من ئێستا سەرقاڵی ئەرکێکی ترم، ئەم قۆناغەی ژیانم تەرخان کردووە بۆ پرسی (رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان). هەر پۆستێکی تر رێگر بێت لەم کارەم، رەتی دەکەمەوە".
سەبارەت بە هۆکاری دووەمیش، گوتی، "ئەم پۆستانە ئیستیحقاقی حیزبەکان خۆیانن. بۆ نموونە، ئەگەر پارتی بێت یان یەکێتی، ئەوە ئیستیحقاقی کادر و سەرکردەکانی خۆیانە. من لە ئیستیحقاقی هیچ حیزبێک نابەم، چونکە من سەر بە هیچ حیزبێک نیم، لێرەش دەستپێشخەرییەکەی جەنابی کاک مەسعود زۆر بەرز دەنرخێنم و سوپاسی دەکەم، بەڵام داوای لێبووردنم لێ کرد و وەک گوتم بەهۆی ئەو دوو هۆکارەوە رەتم کردەوە".