ئەپڵ لە ئایفۆن 20 گەورەترین گۆڕانکاری لە مێژووی مۆبایلەکانیدا دەکات
دزەپێکردنەکان دەربارەی مۆبایلی "iPhone 20" روو لە زیادبوونن، چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیای ئەپڵ لە ساڵی 2027ـدا بیخاتە بازاڕەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵیادی زنجیرەی ئایفۆن و پێشبینی دەکرێت مۆبایلەکە گەورەترین وەرچەرخانی دیزاین و تەکنیکی بێت لە مێژووی کۆمپانیاکەدا.
راپۆرتە تەکنیکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، رەنگە ئەپڵ ناوی "ئایفۆن 19" تێپەڕێنێت و راستەوخۆ بەرەو "ئایفۆن 20" بڕوات، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر لە کاتی گواستنەوە لە iPhone 8 بۆ iPhone X ئەنجامی دا.
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، کۆمپانیاکە کار لەسەر پەرەپێدانی دیزاینێک دەکات کە پشت بە "شوشەی شل" دەبەستێت، لەگەڵ شاشەیەکی چەماوە کە نزیکەی تەواوی لێوارەکانی مۆبایلەکە دەگرێتەوە و لێوارەکانی زۆر تەنکن کە رەنگە بگەنە تەنها 1.1 ملم.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلەکە بە پێکهاتەیەکی شوشەیی تەواو بێت کە ئەزموونێکی بینینی ناوازە دەبەخشێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو وەرچەرخانەی مۆبایلی ئایفۆن X لە ساڵی 2017ـدا دروستی کرد، هەروەها لە تایبەتمەندییە چاوەڕوانکراوەکان پەرەپێدانی کامێرای پێشەوە و هەستەوەرەکانی "Face ID" لەژێر شاشەکەدا دەگرێتەوە، ئەمەش رێگە دەدات بە لابردنی "Dynamic Island" لە رووکاری پێشەوەدا، بۆ پێشکەشکردنی شاشەیەکی تەواو بێ پچڕان.
چاودێران پێیان وایە گەورەترین ئاڵەنگاری لەبەردەم ئەم تەکنەلۆژیایەدا پاراستنی کوالێتی وێنەگرتنە، بەتایبەت لە رووناکی کەمدا، کە تا ئێستاش کێشەیە لەو مۆبایلانەی کامێرای شاراوەیان لەژێر شاشەدا هەیە، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە دوگمە میکانیکییە تەقلیدییەکان بە دوگمەی هەستیار بگۆڕدرێن کە کاردانەوەی لەرینەوەیان هەیە و هاوشێوەی فشاری راستەقینە کار دەکەن و دەتوانن تەنانەت لە کاتی نەمانی باتریشدا لە رێگەی چارەسەرکەرێکی وزە-کەمەوە کار بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک راپۆرت نیگەرانییان لەبارەی پتەوی مۆبایلەکە دەربڕیوە، بەتایبەت لەگەڵ بەکارهێنانی زۆری شوشە و شاشەی چەماوە کە رەنگە زیاتر تووشی شکان یان دەستلێدانی بێ مەبەست ببن، شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەم مۆبایلە یەکێک بێت لە گرانترین مۆبایلەکان لە مێژووی ئەپڵدا.
ئەپڵ هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەم هەنگاوەوە ئەو کاریگەرییە گەورەیە بگێڕێتەوە کە لە ئایفۆن Xـدا دروستی کرد، لە کاتێکدا رووبەڕووی رکابەرییەکی توندی کۆمپانیاکانی وەک سامسۆنگ و گوگڵ دەبێتەوە، بەتایبەت لە بواری مۆبایلە نوشتاوەکان و تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرددا.