هاوپەیمانیی عەزم ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کرد
هاوپەیمانیی عەزم ناوی کاندیدەکانی بۆ پۆستە وەزارییەکان لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێشکەش بە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کرد؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ناوەکانی پێشکەشکراون بۆ پۆستی دوو وەزارەتن، کە یەکێکیان سیادییە لەگەڵ جێگرێکی سەرۆکوەزیرانە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 9ـی ئایاری 2026، هاوپەیمانیی عەزم راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیەند، لە پێناو بەرپرسیارێتی نیشتمانی و پەرۆشبوون بۆ رێگری لە هەر دۆخێکی بنبەستی سیاسی کە رەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیری عێراق دروست بکات، هاوکات بە درککردن مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق لەم قۆناخە هەستیارەدا، هاوپەیمانیی عەزم لە بۆ بەشداربوون لە کابینەی نوێی حکوومەت، ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کرد.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانیی عەزم ئاماژەی داوە، لە رۆژانی رابردوودا زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕی سیاسیان لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەبووە، بەرهەمەکەشی لێکتێگەیشتن بووە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ بەشداریی لە حکوومەتی نوێ، هاوپەیمانیی عەزم کاندیدەکانی لەسەر بنەمای لێهاتوویی و توانایی بەڕێوەبردنی ئەرکی دامەزراوە حکوومییەکان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا بە لێهاتوویی و تواناییەوە بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، هاوپەیمانیی عەزم لە پێکهاتەی حکوومەتی نوێی عێراق پۆستی دوو وەزارەت و جێگرێکی سەرۆکوەزیرانی دەبێت، ئەو ناوانەشی پێشکەشی زەیدی کردووە، یەکێکیان بۆ وەزارەتێکی سیادییە.