فڕۆکەیەک لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ خۆی بە کەسێکدا کێشا و کوشتی

لە رووداوێکی دەگمەن و تراژیدیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەسێک دوای ئەوەی بە نایاسایی دەچێتە سەر رێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دێنڤەر، فرۆکەیەکی مەدەنی خۆی پیا دەکێشێت و گیان لەدەستدەدات.

فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی دێنڤەر رایگەیاند، کەسێک دوای ئەوەی بە پێ بە رێڕەوی فڕیندا تێپەڕیوە، لە کاتی فڕینی فڕۆکەیەک خۆی پێیدا کێشاوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

لە بەیاننامەیەکی فڕۆکەخانەکەدا کە دەکەوێتە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا، ئاماژە بەوە دراوە کە گەشتیی ژمارە 4345ی کۆمپانیای "فرۆنتیەر ئێرلاینز" لە کاتژمێر 11:19ی شەوی هەینی (بە کاتی ناوخۆ) فڕینەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، دوای ئەوەی فڕۆکەکە لەو کەسەی داوە.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەو کەسە بەسەر پەرژینی دەوروبەری فڕۆکەخانەکەدا بازیداوە و تەنیا دوای 2 خولەک لە کاتی بڕینی رێڕەوی فڕین، فڕۆکەکە لێیداوە". جەختیش کراوەتەوە کە ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە کارمەندی فڕۆکەخانە نەبووە و تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە.

لای خۆیەوە تۆڕی "ABC News" لە زاری بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، ئەو کەسە بەشێکی جەستەی لە ناو یەکێک لە بزوێنەرەکانی فڕۆکەکەدا سووتاوە.

فڕۆکەخانەی دێنڤەر راشیگەیاند، فڕۆکەکە دەستبەجێ چۆڵکراوە و بەهۆی رووداوەکەوە 12 سەرنشین تووشی برینداری سوک بوون، کە 5 کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە ناوخۆییەکان کراون.

فڕۆکەکە لە جۆری ئێیربەس A321 بووە و بەرەو لۆس ئەنجلۆس بەڕێکەوتبوو، 224 سەرنشین و 7 ئەندامی تاقمی فڕۆکەوانیی هەڵگرتبوو.

شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە دەسەڵاتە ئەمنییە ناوخۆییەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن. دەفی لە رێگەی پلاتفۆرمی (ئێکس)ەوە نووسیویەتی: "شەوی رابردوو کەسێک رێکارە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی دێنڤەری شکاندووە و بە ئەنقەست بەسەر پەرژینەکەدا سەرکەوتووە، پاشان بەرەو رێڕەوی فڕین رایکردووە و فڕۆکەیەک لە کاتی فڕیندا بە خێراییەکی زۆر لێیداوە".

بەگوێرەی تۆمارێکی دەنگیی ماڵپەڕی "LiveATC"، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بە چاودێرانی هاتوچۆی ئاسمانی گوتووە: "لەسەر رێڕەوەکە دەوەستین، ئێستا لە کەسێکمان دا و یەکێک لە بزوێنەرەکان ئاگری گرتووە... کەسێک بە پێ بە رێڕەوەکەدا تێپەڕ دەبوو".

بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی دێنڤەر رایگەیاند، دوای رووداوەکە ئاگری یەکێک لە بزوێنەرەکانی فڕۆکەکەیان کوژاندووەتەوە. کۆمپانیای فرۆنتیەر ئێرلاینزیش رایگەیاند: "لێکۆڵینەوە لەم رووداوە دەکەین و بە هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆکەخانە و دەسەڵاتە ئەمنییەکان زانیاری زیاتر کۆدەکەینەوە؛ بەم رووداوە زۆر دڵتەنگین".