پزیشکیان: ئەمریکا لە جەنگدا شکستی هێنا و هەوڵی گواستنەوەی بۆ گۆڕەپانی ئابووری دەدات
مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، رایگەیاند؛ "دوژمن دوای شکستهێنانی لە جەنگدا، ئێستا هەوڵدەدات جەنگەکە بگوازێتەوە بۆ گۆرەپانی ئابووری"، داواشی لە هاووڵاتیان کرد هاوکاربن بۆ "پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە".
پزشکیان جەختی لە پێویستی بڵاوکردنەوەی "کەلتووری دەستپێوەگرتن بە بەکارهێنانی وزە کردەوە" و ئاماژەی بەوە کرد؛ وڵات پێویستییەکی زۆری بە رێکخستنی بەکارهێنان و پاشەکەوتکردن هەیە.
سەرۆک کۆماری ئێران پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی سنووردارکردن یان گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و مەحکوومە بە شکست، چونکە ئاوە هەرێمییەکان مەیدان نین بۆ سەپاندنی بڕیاری تاکلایەنە.
پزیشکیان راشیگەیاند، دوژمن شێوازەکەی گۆڕیوە بۆ فشاری ئابووری و گەمارۆی دەریایی، جەختیشی کردەوە، "ئامادەیی بیانییەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژی و تێکدانی سەقامگیری ئاوە هەرێمییەکان و خزمەت بە ئاسایشی ناوچەکە ناکات".